چالاکوانێک: ژمارەیەک خانمی بەتوانا لە کۆڕبەند مێپس بەشدارن

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

چالاکوانێکی مەدەنی رایگەیاند: ژمارەیەک خانمی زۆر بەتوانا لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ( مێپس) بەشدارن، لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، هیوادارین ساڵی داهاتوو یەکێک لە پرسەکان، پرسی هەردوو رەگەز بێت، لە کایە جیاوازەکان و بەشداری خانمان لە تەوەرەکاندا.

کەژان محەمەد، چالاکوانی مەدەنی و ئەندامی سکرتاریەتی و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان، لە چوارەمین کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک، لە لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بەیانی24 گوتی: "ئەنجامدانی ئەم کۆڕبەندە لەئێستادا گرنگە بۆ خستنەڕووی پێشنیاز بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، لە ئێستاشدا ژێرخانێکە بۆ گەنجان و لاوان بۆ ئەوەی بتوانن لە داهاتوودا، رووبەڕووی کەمترین کێشە و گیروگرفت ببنەوە".

گوتیشی: "سەرۆکوەزیران چوار ساڵە، بەشێوەیەکی راستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ چاودێری ئەم دیدارە دەکات و خۆشی ئامادەی کۆڕبەندەکە دەبێت، لە لایەنی تاوتوێکردنی بەباتەکان، ساڵ بە ساڵ بۆ ئاستێکی بەرزدا دەبینرێت".

کەژان محەمەد، ئاماژەی بەوەشکرد: "بەشداری لاوان لە ئاستە جیاوازەکان و بواری جیاواز و تەمەنی جیاواز گرنگی خۆی هەیە، ئەو گرفتانەی کە لە ناوچەکە روو دەدەن، راستەوخۆبێت یاخود ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر لاوان هەیە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت یا عێراق و ناوچەکە و بەتایبەت جێی گرنگی پێدانی ئێمە هەرێمی کوردستان بێت".

دەشڵێت: "کاتێک باسی کێشەکان دەکەین دەمانەوێت لاوان بەشێکی سەرەکی بن لە هەست کردن بە بەرپرسیارێتی، بۆ ئەوەی لاوان هەست بەو ئەرکە بکات لەسەر شانییەتی پێویستە بەشداری پێبکەیت، کاتێک باسی لاوان لە هەموو ئاستێکی تواناییدا هەن لە ئاستی ئەکادیمستی، دیپلۆماتکاری، ئابووریناسی بەتوانامان هەیە، بۆیە لەم کۆڕبەندەدا چانسی ئەوەیان هەیە، دەرگای گفتوگۆیان بۆکراوەتەوە لەگەڵ کەسانی بەتوانای جیهانیدا گفتوگۆ بکەن، خۆی لە خۆیدا کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکاندا دەبێت".

کەژان محەمەد راشیگەیاند: "لەم دیدارە نێودەوڵەتیانەدا، چەند کەسانێکی بەتوانا لەسەر کۆمەڵێک پرسی گرنگ گفتوگۆ دەکەن، دەبینی کە هیوایەکی گەشبین هەیە بۆ داهاتوو، دەمەوێت تیشکی بخەمە سەر گوتاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە باسی لەسەر چەند پرسێک کرد، گۆڕانی کەشوهەوا، کۆچی بەکۆمەڵ، ئاسایشی خۆراک، زیادبوونی گرووپە چەکدارەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هۆکارەکان چین کە گەنج و لاو بەرەو پیریان دەچن، لە وڵاتە جیاوازەکان، لە دیدی ئەوانەوە ئێمە ئەوەمان وەرگرت کێشە قوڵەکانی رۆژ‌هەڵاتی ناوەڕاست، ناتوانین بڵێین ئێمە بێبەشین لەو کێشانە یاخود پروشکمان بەرناکەوێت".

 کەژان محەمەدی ئەو چالاکوانە گوتی: "دوو رەگەزی جیاواز رەنگە لە ئاست هەوڵ و پێویستی ئێمەدا نەبێت، بەڵام لە هەموو کایەکاندا کاردانەوەی هەیە و دەیبینین، رەنگە پێویستمان بەوە بێت کاری باشتر و رژدی لەسەر بکرێت، بەڵام دەرکەوت لەسەر ئاستی میوانەکاندا خانمی زۆر بەتوانای تێدایە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیش، خانم هەیە بەشدارە لە پانێلەکان و گفتوگۆکاندا، هەرەوەها ئەو خانمانەی کە بەشدارن لەم کۆڕبەندەدا وەک میوان لە ئاستێکی بەرزدایە".

دوێنێ 20/11/2023، کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆک بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و زیاتر لە 300 سەرکردە، سیاسەتمەدار و ئەکادیمی و پسۆڕ لە بوارە ئابووری و ئاسایش لە 80 وڵات دەستیپێکرد.

کۆڕبەندی مێپس، کە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکخراوە، چوارەم ساڵە بووەتە سەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی سەرکردە و سیاسەتمەدارانی ناوچەکە و جیهان، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن و بۆ چارەسەرکردنیان پێشنیاز بخەنەڕوو.

دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 لە شاشەی کەناڵەکەی، ماڵپەڕ و سەرجەم پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا، رووماڵی پانێل و دانیشتنەکانی ئەو کۆڕبەندە دەکات، زانیاری و گفتوگۆکان، راستەوخۆ بۆ وەرگرانی دەگوازێتەوە.

زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک، لە ساڵی 2014 دامەزراوە و لە چەندین بەشی جیاواز پێکدێت وەک: بازرگانی کار، زانستی کۆمپیوتەر، دیزاینی ناوخۆ، سیاسەتی گشتی، میدیا، و پەیوەندییەکان.

زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک، لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، بڕوانامەکەی متمانە پێکراوە و یەکێکە لە زانکۆ ئاست بەرز و ناسراوەکانی عێراق و ناوچەکە.

زمانی خوێندن لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک ئینگلیزیە و بە سیستمی "هونەری ئازاد" قوتابیانی پەروەردە دەکات، کە بریتیە لە پێشکەشکردنی چەندین کۆرسی جۆراوجۆر لە زانستە مرۆڤایەتی و سرووشتییەکان بە قوتابی، پێش ئەوەی لە شارەزایەکیی دیاریکراودا دەست بەخوێندن بکات. ئەم جۆرە سیستمە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە بڵاوی پەیڕەو دەکرێت.