ماتیۆ زایس: نەدانی مووچەی فەرمانبەران کێشەیەکی سیاسییە لەلایەن عێراقەوە دروستکراوە

ماتیۆ زایس
ماتیۆ زایس

K24 – هەولێر

جێگری سەرۆکی کۆمپانیاکانی"HKN" ئینێرجی لە "مێپس" رایگەیاند، نەدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کێشەیەکی سیاسییە، ئێمە نازانین بۆچی ئەو گیروگرفتانە بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت، لەکاتێکدا نۆ مانگە تاوەکو ئێستا ئەو کێشەیە چارەسەر نەکراوە.

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 21-11-2023، ماتیۆ زایس، جێگری سەرۆکی کۆمپانیاکانی"HKN" ئینێرجی بۆ کاروباری حکومی، لەکاتی بەشداریکردنی لە پانێلیێک لە دووەم رۆژی کۆڕبەندی مێپس 2023 لە دهۆک، رایگەیاند، عێراق کێشەی دەردانی گازی هەیە، بەڵام عێراق وڵاتێکە بۆ وڵاتانی وەبەرهێن جێگای سەرنجە و من پێموایە کۆنفڕانسی کۆپ28 کۆنفڕانسێکە وەبەرهێنەرە جیهانییەکان لەوێ کۆ دەبنەوە، گفتوگۆ لەسەر ئەو ئالنگارییانە دەکەن کە وڵاتەکە و ناوچەکان رووبەڕووی دەبنەوە.

جێگری کۆمپانیاکە دەڵێت: "من وەک نوێنەری کۆمپانیاکانی "HKN"، چەند ساڵێک بەر لە ئێستا گفتوگۆم کردووە لەسەر ئەوەی چۆن بتوانین گواستنەوەی وزە و کێشەکانی وزە چارەسەر بکەین"، گوتیشی: "عێراقیشمان بە نموونە هێنایەوە، کە چەندین سۆنار پانێڵی لە ناوچەکەدا هەیە، هەروەک نازم زەهاوی ئاماژەی پێدا، ئەوە شتێک نییە بڵێین ئێمە گاز بەرهەم ناهێنین، پێویستە گاز بەرهەم بهێنین بۆ ئەوەی داهاتمان دەستکەوێت و چارەسەری ئالنگارییەکان بکەین".

ماتیۆ زایس راشیگەیاند، پێویستە باڵانسێکیش راگرین لە کاتی بەرهەمهێنانی نەوت و کۆکردنەوەی کاربۆنیش، ئەگەر بە نموونە چین بهێنینەوە کە وەبەرهێنانێکی زۆر دەکرێت لەو وڵاتە، بنکەی وزەی ئەتۆمیان هەیە، ئەتۆم بەرهەم دەهێنن، لەگەڵ ئەوەشدا کار دەکەن کە چۆن کاربۆن کۆبکەنەوە، ئێمە ئێستا چاومان لەسەر ئەوەیە کە کارەکانمان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەرەو پێشەوەی بەرین، چونکە کارەکانمان بۆ ئابووری کوردستان و عێراق گرنگە.

جێگری سەرۆکی کۆمپانیاکانی"HKN" ئینێرجی بۆ کاروباری حکومی ئاشکرای کرد، هەرێمی کوردستان لە هەوڵی ئەوەدایە کە چۆن مووچەی فەرمانبەرانی بدات کە ئەوە کێشەیەکی سیاسییە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دروستکراوە، ئێمە نازانین بۆچی ئەم کێشە و گیروگرفتانە بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت، تێبینیمان کردووە ئەوە کێشەیەکی بازرگانی بچوکە کە دەبێت چارەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی وەبەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت دەست پێبکاتەوە. بەڵام بەداخەوە لە نۆ مانگی رابردووەوە تا ئێستا ئەو کێشانە چارەسەر نەکراوە، دەبێت بە زووترین کات ئەو کێشانە چارەسەر بکرێت، کێشەی ئیسرائیل و حەماسیش کاریگەری لەسەر ناوچەکە هەبووە، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانیش زۆرگرنگە بۆ ئەوەی ئابووری کوردستان بەرەو پێشەوە بچێت.