هوشیار سوەیلی: بەشداریکردنی لایەنەکان لە کۆڕبەندی مێپس نزیکبوونەوەی لایەنەکان نیشان دەدات

K24 - هەولێر

بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی رایگەیاند، ئەو لایەنە سیاسییانەی کە لە کۆڕبەندەکەدا بەشداربوون، روویەکی گەشی تەبایی و پێکەوە ژیان لە هەرێمی کوردستان نیشاندا.

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 21-11-2023، هوشیار سوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە پانێلی دووەم رۆژی کۆڕبەندی مێپس 2023 لە دهۆک، لە لێدوانێکی تایبەت بە کوردستان24ـی رایگەیاند، ئەم کۆڕبەندە لە کۆڕبەندی ساڵەکانی دیکە گرنگترە، یەکەمیان لە رووی کاتەوە، لەکاتێکدا دەکرێت خودی ئاشتی و ئاسایشی سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبەردەم هەڕەشەیەکی گەورەدایە، بە هۆی ئەو رووداوانەی کە لە نێوان حەماس و ئیسرائیلدا روویانداوە.

ئەو بەرپرسە گوتیشی، ئەو رووداوانەی روویاندا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رەنگدانەوەی لەسەر عێراق بەشێوەیەکی گشتی هەیە، وەکو دەزانین میلیشیاکان تا ئێستا چەندان جار هێرشیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا، لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش، گرنگییەکی دیکەی ئەم کۆڕبەندە، ئەوەیە کە ئەم کەسانەی بەشداریان لە کۆڕبەندەکەدا کردووە وەکو، تۆنی بلێر و بۆریس جۆنسن، نازم زەهاوی کە ئەمانە کەسایەتی دیاری دەرەوەی وڵاتن.

هوشیار سوەیلی  باسی لەوەشکرد، لە هەرێمی کوردستان ئەو لایەنە سیاسییانەی کە لە کۆڕبەندەکەدا بەشداربوون، روویەکی گەشی تەبایی و پێکەوە ژیان و لێک نزیکبوونەوە لە هەرێمی کوردستان نیشان دەدات، بۆیە لە هەر روویەکەوە سەیری ئەم کۆڕبەندە بکەین گرنگی تایبەتی خۆی هەیە.

بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان راشیگەیاند، ئەو کۆڕبەندە کاریگەرییەکی باشی دەبێت لەسەر پەرە پێدان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ دنیایی دەرەوەدا.

ئاشکراشیکرد، شێوەی رێکخستنی کۆڕبەندەکە لە ئاستێکی بەرزدایە لە ئاستێکدایە کە رەنگە لە هەر کۆبوونەوە و کۆڕبەندێکی وڵاتانی دەرەوە ئەنجام دەدرێت لە ئەوروپا و ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە، ئەو شێوەزی رێکخستنە، لە ئاستی پڕۆتۆکۆڵ و پێشوازی میوان وهاوکاری میوانان، ئەنجام نەدراوە.