سوود و زیانەکانی بنێشت جوین

K24 - هەولێر

پزیشکێکی پسپۆڕی گەدە و ڕیخۆڵە رایگەیاند، بنێشت خواردن زیانی بۆ جەستە نییە، بەڵام پێویستە چەند رێنماییەک لەبەرچاو بگیرێت.

بە گوتەی د. ناتالیا بیلۆڤا، پزیشکی پسپۆڕی گەدە و ریخۆڵە، لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، "جوینی بنێشت بەبێ کۆنتڕۆڵ، دەبێتە هۆی دەرئەنجامە نەرێنییەکان، چونکە جوینی بەردەوام فشار لەسەر پووک وئازار لە دەم و چاو دروست دەکات، جگە لەوەش زیادەڕۆیی لە خواردنی کە رێژەیەکی زۆر شەکری تێدایە، دەبێتە هۆی کلۆر بوون و کێشەی ددان".

بەگوتەی ئەو پزیشکە: "بنێشت جوین بەسوودە بۆ پاککردنەوەی ددان وەک فڵچەکردن، دوور بوون لە ئەگەری تێكچوونی ددان و داوا دەکات بنێشتی بێ شەکر بەکاربهێنن".

ئەو پزیشکە گوتی: "پێویستە  لە 20-30 خولەک بنێشت بجوورێت، هەروەها دوور بکەوینەوە لە جوینی کاتژمێرێک، بۆ ئەوەی جومگەکانی چەناگە و ماسولکەکان ئارام ببنەوە و دوور بن لە فشاری نا پێویست لەسەر چەناگە".

راشیگەیاند: "جوڵەی جووین یارمەتی دەردانی لیک دەدات، ئەمەش یارمەتی پاراستنی پووک و ددان دەدات، بە شێوەیەکی سرووشتی لە کاریگەرییەکانی بەکتریا و ترشەڵۆک، جگە لەوەش بنێشت دەتوانێت یارمەتیدەر بێت، لە کەمکردنەوەی ئاستی فشار و دڵەڕاوکێ، هەروەها باشترکردنی یادەوەرییەکان، بەڵام پێویستە جار جار سەردانی پزیشک بکرێت بۆ پاراستنی دەم و ددانەکان".

ئا: لاڤین عومەر