کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ دواخرا

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ دواخرا.

ئەمڕۆ چوارشەممە (22ـی تشرینی دووەمی 2023) پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ دواخرا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیاربوو ئەمڕۆ په‌رله‌مانی عێراق، دانیشتنێكی نائاسایی ئه‌نجام بدات و تێیدا ده‌رگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ رووی په‌رله‌مانتاران بكاته‌وه‌.

دوێنێ سوننەکان لەبارەی دیاریکردنی کاندیدێک بۆ جێگرەوەی حەلبووسی کۆبوونەوە، بەگوێرەی زانیارییەکان، هاوپەیمانی سیادە و کەسایەتییە سوننەکان بڕیاریاندا دەسەڵاتی دەستنیشانکردنی کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە محەممەد حەلبووسی و خەمیس خەنجەر بدرێت.

رۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بە تۆمەتی "ساختەکردنی واژۆی پەرلەمانتار لەیس دلێمی" ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی هەڵوەشاندەوە، بەمەش کێشەیەکی دیکە لە عێراق سەریهەڵداوە، کە ئێستا بەشێک لەلایەنە سیاسییەکان هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە دەدەن.

بە بڕوای بەشێک لە چاودێرانی سیاسی دوورخستنەوەی حەلبووسی لە سەروبەندی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، زیان بە دەنگ و پێگەی حەلبووسی دەگەیەنێت.

رۆژێک دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی محەممەد حەلبووسی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "دادگای باڵای فیدراڵی رەچاوی رێکارە یاسایی و دەستوورییەکانی نەکردووە، بەپێی ماددەی 49 لە دەستوور و بەپێی یاسای هەڵبژاردن بڕیارەکەی دادگا یاسایی نییە، ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی هەموو لایەنێک پابەندی دەستوور بن".