زیاتر لە 15 ملیۆن بەكارھێنەری تەلەگرام ھاك دەكرێن
K24 - ھەولێر
لە ھەشت مانگی رابردوودا زیاتر لە 15 ملیۆن ئەكاونتی تەلەگرامی بەكارھێنەرانی ئێران ھاككراون و ھەڕەشە لەداخستی تەلەگرامیش لەئێران دەكرێت.
ھەواڵدەری رۆیتەرز بڵاویكردۆتەوە كە لە ھەشت مانگی رابردوودا زیاتر لە 15 ملیۆن ئەكاونتی بەكارھێنەرانی تەلەگرام لەئێران ھاككراون و ئەوە گەورەترین ھاكی سیستەمی ئەنتەرنێتیە لەجیھاندا.
بەگوتەی زانیارییەكانی رۆیتەرز تا ئێستا دیار نییە ئەو ھاككردنانە كێ و بەچ مەبەستێك كراون، بەڵام پاسۆردی زیاتر لە 15 ملیۆن بەكارھێنەری تەلەگرام شكاوە.
لەئێران زیاتر لە 30 ملیۆن كەس تەلەگرام بەكار دەھێنن و بەرپرسانی ئێرانیش سالێكیان مۆڵەت بە كۆمپانیای تەلەگرام داوە، كە سێرڤەرەكانی بۆ ئەو وڵاتە بگوازێتەوە و تەلەگرامیش تا ئێستا ئەو داوایەی رەتكردوەتەوە.