لە هەولێر 47 هەزار نەمام دەچێندرێن

K24 – هەولێر

بە سەرپەرشتی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکی نەمام چاندن لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و 47 هەزار نەمام دەچێنرێن.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ڕۆژی پێنجشەممە 23/11/2023، لە رێوڕەسمێکدا بە سەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئامادەبوونی مەهدی ئەکار، وەزیری پێشووی کشتوکاڵی تورکیا و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، عەبدورەحمان سدیق سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم و مەولود یاقوت، کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێم و بەیان سامی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێم بۆ پرسی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا، لە مەڕاسیمێکدا 47 هەزار نەمام دەچێندرێن.

بەگوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتی کشتوکاڵ  پڕۆژەکە بەناوی (NEFES)ـە و بە چاندنی 47 هەزار نەمام لە فەرمانگەی دارستانی کەسنەزانەوە دەستپێدەکات.

وەزارەتی کشتوکاڵ راشیگەیاند، ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەی گرنگیدان بە سەوزکردن و ژینگە و رووبەروبونەوەی گۆڕانی کەشو هەوا لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، کە لە سەر داواکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم، سەرجەم نەمامەکانی لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی تورکیا و کونسوڵی گشتی کۆماری تورکیا، بۆ هەماهەنگی و پاڵپشتی سێکتەری کشتوکاڵی و ژینگەی هەرێمی کوردستان دابینکراوە.

پاراستنی ژینگە و زیادکردنی سەوزایی بەشێکی گرنگە لە پلانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەو چوارچێوەیەدا ساڵانە هەڵمەتی نەمام چاندن لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

بەگوێرەی داتاکانی دەستەی پاراستن و چاکردنی ژینگە، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە تا مانگی تەممووزی ئەمساڵ رێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان بۆ سەدا 18 زیادیکردووە.