قەتەر: لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ئاگربەستی غەززە دەچێتە بواری جێبەجێکردن

ئاڵای قەتەر
ئاڵای قەتەر

K24 - هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر دەڵێت، "گفتوگۆکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی ئاگربەستی مرۆیی غەززە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن و لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دەچێتە بواری جێبەجێکردن".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23-11-2023، ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر بە  میدیای فەرمی وڵاتەکەی راگەیاند، "گفتوگۆکانی نێوان قەتەر و میسر سەبارەت بە جێبەجێکردنی وردەکاریی پلانی ئاگربەستی مرۆیی غەززە لە نێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامن و بە شێوەیەکی ئەرێنی بەڕێوەدەچن".

بە گوتەی ئەنساری، "لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا ئاگربەستی مرۆیی غەززە دەچێتە بواری جێبەجێکردندا".

وەک ئەوەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاماژەی پێ کردووە، هەوڵەکان لەگەڵ حەماس، ئیسرائیل، ئەمەریکا و میسر بەردەوامن بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی خێرای ئاگربەستەکە و دابینکردنی ئەوەی پێویست بێت بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونی لایەنەکان بە رێککەوتنەکە.  

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ چوارشەممە 22/11/2023، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بە هاوبەشی لەگەڵ میسر و ئەمەریکا سەرکەوتووبوون لە نێوەندگیری بۆ گەیشتن بە راگەیاندنی ئاگربەستی مرۆیی لەنێوان ئیسرائیل و حەماس و گۆڕینەوە ژمارەیەک دیل و بارمتە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، رێککەوتنەکە لە قۆناغی یەکەمدا بریتییە لە ئازادکردنی 50 بارمتەی دەستبەسەرکراو لەلایەن حەماس و لە بەرامبەر ئازادکردنی ژمارەیەک ژن و منداڵی فەڵەستینی کە لە زیندانەکانی ئیسرائیل دەستبەسەرکراون.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاماژەی بەوەش کردبوو، لە قۆناغی داهاتوودا ژمارەیەکی دیکەی دیل و بارمتەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێن. ئەوەش خراوەتەڕوو، ئاگربەستەکە رێگە بە چوونە ژوورەوەی ژمارەیەکی زیاتری کاروانی مرۆیی و هاوکاری فریاگوزاری دەدات بۆ کەرتی غەززە.

زیاتر لە 50 رۆژ تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی چەکدارەکانی سەر بە بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژران و هەزارانی دیکەش بریندارن. هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن ئەو بزووتنەوەیەوە دەستگیرکراون.

ئیسرائیل وەکو تۆڵەکردنەوەیەک، زیاتر لە شەش هەفتەیە پێگەکانی حەماس لە غەززە بۆردوومان دەکات، ئەمە بێجگە لەو هێرشە زەوینییەی بۆ سەر شارەکە دەستپێکردووە. وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە، زیاتر لە 13 هەزار هاووڵاتی سڤیل کوژراون و زیاتر لە 30 هەزاری دیکەش بریندارن.

هاوکات تەندروستیی غەززە ئاشکرایکردووە، لە 07ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 135 دامەزراوەی تەندروستی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بەئامانج گیراون و 21 نەخۆشخانەش لەکارکەوتوون.