ئایدن مەعروف: حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی لە پێکهاتەکان و پێکەوەژیانی نەتەوەکان دەکات

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پاڵپشتی باشی پێکهاتەکانی کردووە، لەپێناو پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان.

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان، لە شاری دهۆک لە لێدوانێکی تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە پارێزگای دهۆک سەردانی پێکهاتەکانی کلدان، سریان، ئاشووری و ئێزیدی و پێکهاتەکانی دیکەشی کردووە، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوونە لە رەوشی پێکهاتەکان.

دەڵێت: "پێکەوەژیانێکی بەهێز هەیە لەم شارە لەنێوان پێکهاتەکان، چەندین جار ئێمە سەردانمان کردوون، بەتایبەتی بۆ سەنتەری رۆشنبیری کلدان، سریان، ئاشووری هەروەها بۆ قوتابخانەکانیان لە دهۆک".

ئایدن مەعروف گوتیشی: "ئەو پێکهاتانەی دهۆک بۆ ئێمە گرنگن لە هەرێمی کوردستان، بۆیە گرنگە پشتگیر و پاڵپشتییەکی باشیان هەبێت بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی پێکەوەژیان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەت، کابینەی نۆیەم پاڵپشتی لە پێکهاتەکان و پێکەوەژیانی پێکهاتەکان کردووە".

ئاماژەی بەوەشدا: "لە کوردستان پێکەوەژیانێکی زۆرباش هەیە، کولتووری یەکترمان قبووڵکردووە، بوونی نەتەوەکان و ئایینەکان هەیە و حکومەتی هەرێم ئێستا زیاتر لە هەمووکات زیاتر پشتیوانی لە مافەکان و پڕۆسە سیاسییەکان و پێکەوەژیان دەکات".

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان دەشڵێت: "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بکرێت، کۆتاکانیش وەک خۆی بەشداری لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان بکەن، داواشمان کردووە ژمارەی کۆتاکان زیاتر بکرێت و بەشێوەیەکی فراوانتر بەشداربن لە پڕۆسەی هەڵبژاردن بکەن".

راشیگەیاند: "سەبارەت بە بابەتی کۆتا کە کراوە بە کێشەیەکی سیاسی و سکاڵایان کردووە لە دادگای فیداراڵی، "ئێمە داوامان لە دادگای فیدراڵی کردووە، ئەم سکاڵایەی کە دژی کۆتاکان تۆمار کراوە رەتبکرێتەوە، چونکە کۆتا تایبەتمەندی خۆی هەیە".

سکاڵاکان لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون، سکاڵاکان تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان.

ساڵی 1992 یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. ساڵی 2004 یاسای هەڵبژاردن هەموارکرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد "هەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی هەڵبژاردن پێکبێت" لابرا و هەرێمی کوردستان هەمووی کرایە یەک بازنەی هەڵبژاردن.

بڕیارە لە 25ى شوباتی 2024، هەڵبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمانى کوردستان لەژێر سەرپەرشتیى راستەوخۆی کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێت.