بە فەرمانی مەسرور بارزانی 100 تووشبووی تالاسیمیا چاندنی مۆخیان لە دەرەوەی وڵات بۆ دەکرێت

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، 100 تووشبووی تالاسیمیا چاندنی مۆخیان لە دەرەوەی وڵات بۆ دەکرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی بڵاویکردووەتەوە، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندی درا لەسەر چارەسەرکردن و چاندنی مۆخ بۆ 100 تووشبووی نەخۆشی تالاسیمیا لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

ئاماژە بەوەش کراوە، بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە ڕاسپێردران بە گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بە مەبەستی چارەسەری نەخۆشەکان لە هەردوو وڵاتی تورکیا و ئوردن.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بارودۆخی تەندروستی توشبووان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەکاتە بنەما بۆ ڕیزبەندی کردنیان بە مەبەستی چارەسەرکردنیان لە دەرەوەی وڵات.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی یەکشەممە، 23ـی تەمموزی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندیی دا لەسەر تەرخانکردنی نزیکەی سێ ملیار دینار بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ تووشبووانی تالاسیما لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی چوار هەزار نەخۆشی تالاسیما هەن. ساڵی رابردوو، 2022/05/19، به‌ بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕی 5 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار، بەمەبەستی چاندنی مۆخی ئێسک بۆ 100 تووشبووی تالاسیمیا لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان خەرج کرا.