بەلجیکا.. کوردێک پاترییەکی نوێی ئۆتۆمبێلی داهێناوە

K24 – بەلجیکا:

داهێنەرێکی کورد لەبەلجیکا، جۆرێکی تازەی پاتری ئۆتۆمبێلی داهێناوە و، هەر زوو کۆمپانیا گەورەکانی جیهان وەکو ڤۆڵکس ڤاگن، ئۆدیی و بیئێم دەبلیو گرێبەستیان لەگەڵ ئەنجامداوە. لەیەکەم هەنگاویشدا یەکێتی ئەوروپا هاوکاری داهێنەرە کوردەکە دەکات و چەند گرێبەستێکیش بۆ دروستکردنی کارگە لە ووڵاتانی بولگاریا، رۆمانیا و بەلجیکا بەبڕی زیاتر لەیەک ملیار یۆرۆ  چووەتە بواری جێبەجێکردن.

پرۆفیسۆر نەوشین عومەر، داهێنەرێکی کوردە، پێشتر لەزانکۆی برۆکسل بەرێوەبەری بەشی تەکنەلۆجیا بووە، داهێنەرە کوردەکە لەرێگای کوردستان24 ئاشکرای دەکات، کە جۆرێکی تازەی پاتری ئۆتۆمبێلی داهێناوە دۆستی ژینگەیە، پاترییەکە بەشێوازێک دروستکراوە لەپێکهاتەکەیدا هیچ ماددەی کیمیاوی تیادا نییە و زیانی بۆ تەندروستی مرۆڤیش نییە.

نەوشین عومەر، داهێنەری کورد لە بارەی داهێنانەکەی بە کوردستان24ـی راگەیاند، زۆر دڵخۆشە کە توانیویەتی ئەو داهێنانە ئەنجامبدات، کە دۆستی ژینگەیە و هیچ زیانی بۆ هاووڵاتییان نییە، ناوبراو هیوادارە ئەو داهێنانەی کە کردوویەتی لە ماوەیکی نزیکدا بگاتە کوردستانیش بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی کوردستان بتوانن سوودی لێببینن.

بڕیارە لەکۆتایی ئەم مانگە بەئامادەبوونی بەرپرسانی ئەوروپی و بەلجیکی کارگەی دروستکردنی پاتری دۆستی ژینگە لەبەلجیکا بەفەرمی بکرێتەوە، لە کارگەکەدا هەلی کاری تەرخانکردووە بۆ 50  کەس لە 25 نەتەوەی جیاواز. هەیم عومەر، بەڕێوەبەری کۆمپانیاکەش کە کوردە دەڵێت: بەنیازن لەگەڵ فراوانبوونی کۆمپانیاکە لەداهاتوودا هەلی کار بۆ زیاتر لە 120 کەس دابین بکەن.

زانا کوردەکە زیاتر لە 10 ساڵ لە زانکۆی برۆکسل مامۆستا بووە ،  لەساڵی 2020 لەرێگای داهێنان و زانست و بەهرەکەی و بەیارمەتی یەکێتی ئەوروپا توانی کارگەی پاتری دۆستی ژینگە دروستبکات ، بەنیازیشە بەم نزیکانە کارگەیەکیش لەهەرێمی کوردستان دروستبکات.

داهێنانە تازەکەی زانا کوردەکە ئەم جۆرە پاتری کەناسراوە بە (پاتری داهاتوو) هەرچەندە لەئێستادا نەکەوتووەتە ناو بازاڕ  بڕیارە لەساڵی 2025 بخرێتە ناو بازاڕ. پاترییەکە بەدۆستی ژینگە ناسراوە، چاوەڕوان دەکرێت پێشوازی زۆری لێ بکرێت.