فيلمى ئیفی کەیفی ئامادەی نمایشە

K24 - هەولێر:

فيلمى كۆميدى "ئيفى كەيفى"  فيلمێکی كۆمەڵایەتی رەخنە ئامێزە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری گەنجان و خەڵکی بە گشتی و نزيكەى ساڵێکی خاياندووە بۆ وێنەگرتنی.

ئەم فیلمە کۆمێدییە له سيناريۆ دەرهێنانى هونەرمەند "رێبوار محەممه‌د"ـە و  باوەڕ ڕەفيقیش كارى وێنەگرتن و مۆنتاژى بۆ ئەنجامداوە و بەرهەمى گرووپى هونەرى خێزانه و به خۆبەخش بەرهەم هێنراوە و ماوەى فيلمەکەش 50 خولەك و 20 ئەكتەر تێیدا بەشدارە.

رێبوار محەممەدی دەرهێنەر لە بارەی ناوەرۆکی فیلمە نوێیەکەیەوە بۆ کوردستان 24 دەڵێت: فيلمى "ئيفى كەيفى" باس له كەسايەتى كەيفى دەكات، كه به مشەخۆرى  و لەسەر گیرفانی كەسانی تر دەژی و حەز به هەموو شتێكى بەلاش دەكات، بەڵام بێ ئەوەی خۆی سوودى بۆ كۆمەڵگا و كەسانی چوار دەوری خۆی هەبێت، کە ئەمەش نمونەى ئەو جۆره كەسايەتيه زۆرە و رۆژانه له ناو بازاڕ و خێزان و فەرمانگە و به زۆرى چێشتخانەكان ده‌بیندرێن، كه چاويان له دەستى كەسانی ترە، بۆيه گرووپى هونەرى خێزان وەك نەريتێكى هەميشەيى له كارو چالاكیی و فيلمەكانمان هەميشە پەيامى جوان نيشانەی كۆمەڵگا و خەڵك به گشتى و گەنجان به تايبەتى.

گوتیشی: رۆژی 2023/11/29 دیاریکراوە بۆ نمایشی فیلمەکە و لە هۆڵی  هونەرمەند "بەديعه دارتاش" له پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی لە کاتژمێر 2:00ـى پاش نيوەڕۆ بەخۆڕایی نمایشی دەکەین.

675