13 بارمتەی ئیسرائیلی و 39 زیندانیکراوی فەڵەستینی ئازادکران

ئاڵای ئیسرائیل و فەڵەستین
ئاڵای ئیسرائیل و فەڵەستین

K24 – هەولێر:

رێکخراوی خاچی سوور رایگەیاند، 24 بارمتە لە کەرتی غەززە ئازادکراون، کە 13 بارمتە ئیسرائیلین، 10ـیان تایلەندین و بارمتەیەکیش فلیپینییە.

ئەمڕۆ هەینی (24ـی تشرینی دووەمی 2023) رێکخراوی خاچی سوور لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، 13  بارمتەی ئیسرائیلی و 39 زیندانیکراوی فەڵەستینی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە زیندانیکرابوون ئازادکران، هەروەها 10 بارمتەی تایلەندی و بارمتەیەکی فلیپینی لەلایەن حەماسەوە ئازادکران.

لەلای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئازادکردنی 39 منداڵ و ئافرەتی فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل پشتڕاست دەکاتەوە و ئاشکراشی دەکات، بارمتە ئیسرائیلییەکان لە دەروازەی رەفەحەوە نێردراونەتە میسر و لەوێ رادەستی دەسەڵاتدرانی ئیسرائیل کراون، دواتر لەرێگەی دەروازەی کەرەم ئەبو سالم، دەگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاماژەی بەوەشدا، ئازادکردنی بارمتە تایلەندییەکان لەلایەن حەماسەوە لە دەرەوەی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماسە.

ئەمڕۆ هەینی (24ـی تشرینی دووەمی 2023) سەرۆکوەزیرانی تایلەند رایگەیاند، 12 هاووڵاتی تایلەند کە لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیرابوون ئازادکران.

هەروەها دەسەڵاتدارانی میسر رایانگەیاند، بە نێوەندگیری وڵاتەکەیان ئەو 12 بارمتەیە ئازاد کراون و ئەمە بەشێک نییە لە رێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکانی ئیسرائیل و حەماس.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل لە غەززە گەیشتنە رێککەوتنێک و ئاگربەستێکیان بۆ ماوەی چوار رۆژ راگەیاند، بەو مەرجەی ئیسرائیل 150 ژن و منداڵ لە زیندانەکانی ئازاد بکات، لە بەرامبەر ئازادکردنی 50 ژن و منداڵی بە بارمتەگیراو لە کەرتی غەززە، هەروەها چوونە ناوەوەی زیاتری یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە.

دوێنێ پێنجشەممە (23ـی تشرینی دووەمی 2023) نووسینگەی راگەیاندنی حکومی لە غەززە ئاشکراشی كرد، ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززە، به‌هۆی هێرشه‌كانی ئیسرائیل گەیشتە 14 هەزار و 854 کەس، هەروەها لە نێو کوژراوەکاندا شەش هەزار و 150 منداڵ و چوار هەزاریش ئافرەتن.

زیاتر لە مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی چەکداری بزووتنەوەی حەماسی فه‌ڵه‌ستینی بۆ سەر ئیسرائیل کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژراو و زیاتر له‌ هه‌زار برینداریشی لێ كه‌وته‌وه‌، هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن ئەو بزووتنەوەیەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.

ئیسرائیل وەکو تۆڵەکردنەوەیەک، زیاتر لە مانگێکە  پێگەکانی حەماس لە غەززە بۆردوومان دەکات، ئەمە بێجگە لەو هێرشە زەوینییەی بۆ سەر شارەکە دەستپێکردووە.

هاوکات تەندروستیی غەززە ئاشکرایکردووە، لە 07ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 135 دامەزراوەی تەندروستی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بەئامانج گیراون و 23 نەخۆشخانەش لەکارکەوتوون.