خه‌زعه‌لی: بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق نادەستوورییە
K24 - هەولێر
قه‌یس خه‌زعه‌لی دەڵێت، "هه‌ر حكومه‌تێکی عێراق ره‌زامه‌ندی به مانه‌وه‌ی هێزه بیانییه‌كان دابێت، پێویسته لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت".
رۆژی هەیینی، 24-11-2023، قەیس غەز عەلی، ئه‌مینداری گشتیی عه‌سائیب ئه‌هلی حه‌ق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، "حكومه‌ت مافی ئەوەی نییه ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر مانەوەی هێزی بیانی و دامەزراندنی بنكه سه‌ربازییه بیانییه‌كان لـەنێو عێراقدا بدات، هه‌ر حكومه‌تێكیش وایكردبێت، پێویسته لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت".
بە گوتەی قه‌یس خه‌زعه‌لی، "بوونی هێزی سه‌ربازی ئه‌مەریكی لە عێراق پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوورە" و دەڵێت، "داواكاری عێراق بۆ هاتنی هێزی سەربازی ئەمەریکی له ساڵی 2014، بۆ لێدان بوو له داعش له ڕێگه‌ی هێرشی ئاسمانی و پێدانی زانیاریی هه‌واڵگیری؛ نه‌ک بنكه‌ی سه‌ربازی شه‌ڕكه‌ر له عێراق دابمه‌زرێنن".
2500 سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی له عێراق هه‌ن. وەک ئەوەی خه‌زعه‌لی ئاماژه‌ی پێ كردووه، "ده‌ستوور رێگه به بوونی هیچ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی بیانی و شه‌ڕكه‌ر لە نێو عێراقدا نادات؛ ته‌نیا به رەزامه‌ندی په‌رله‌مان نه‌بێت."
ئەمە لە کاتێکدایە، بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن)، له ناوه‌ڕاستی ئۆكتۆبه‌ری ئەمساڵەوە تاوەکو ئەمڕۆ شەممە، 25-11-2023، 73 جار هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە سووریا و عێراق. لە بەرامبەریشدا، ئەمەریکا چەندین جار میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لەنێو عێراق و سووریادا بۆردوومانکردووە.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هێرشەکانی ئەمەریکای بۆ سەر میلیشیاکانی نزیک لە ئێران سه‌ركۆنه كردووه و به "پێشێلكردنی سه‌روه‌ری وڵات" ناویبردوون. له هه‌مان كاتیش‌دا رایگه‌یاندووه، "حكومه‌ت تاكه لایه‌نه كه وێنه، نه‌خشه‌ی سیاسی و ده‌ستووریی وڵات ده‌كێشێت و، پارێزگاری له ئاسایشی ناوخۆ ده‌كات."
سوودانی جه‌ختیشی كردووه‌ته‌وه، هه‌ر چالاكییه‌كی چه‌كداری له ده‌ره‌وه‌ی دامەزراوه‌ی سه‌ربازی به كارێكی له یاسا ده‌رچوو هه‌ژمار ده‌كرێت و ئاسایش و به‌رژه‌وه‌ندی وڵات ده‌خاته به‌رده‌م مه‌ترسیی. گوتیشی، "هه‌ر چه‌كدارێك به‌م بنه‌مایه‌وه پابه‌ند نه‌بێت، ئه‌وا له دژی وڵات كارده‌كات".