سەعدی پیرە: ئەمڕۆ شاندێکی یەکێتی سەردانی گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو دەکات

سەعدی ئەحمەد پیرە
سەعدی ئەحمەد پیرە

K24 – سلێمانی

وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ شاندێکی باڵای یەکێتی لە سلێمانی سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی دەکات.

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەمڕۆ شەممە 25/11/2023، شاندێکی یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی دەکات.

گوتیشی: "وەکو یەکێتی لە کۆنگرەی پێنجەم بڕیارماندا کە سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەکان بکەین، بە مەبەستی یەکخستنەوەی ناوماڵی کورد و یەکڕیزی، واتە ئەمە راسپاردەی کۆنگرەیە، لە ماوەی رابردوودا سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستانمان کرد، ئەمڕۆش لە سلێمانی سەردانی سێ لایەنی دیکەی سیاسی دەکەین".

سەبارەت بەوەی کە لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ لایەنەکان باسی پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان ناکەن، سەعدی پیرە گوتی: پێش کۆبوونەوە نامەوێت باسی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان بکەم".

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی، شاندەکەی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکایەتی دەکات و هەریەکە لە عیماد ئەحمەد، رەفعەت عەبدوڵڵا، دەرباز کۆسرەت، سەعدی ئەحمەد پیرە، شاڵاو عەلی عەسکەری و سالار سەرحەد یاوەری دەکەن.

شاندی گۆڕانیش کە پێشوازی لە شاندە باڵاکەی یەکێتی دەکەن، مستەفا سەید قادر سەرۆکایەتی دەکات و هەریەکە لە دلێر عەبدولخالق، بەختیار عومەر ئەولی و شێخ کامیل پێنجوێنی و چەند ئەندامێکی جفاتی نیشتمانی بزووتنەوەکەش ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن.

پەیامنێری کوردستان24 زانیویەتی، دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی یەکێتی و ئەو لایەنانە ئەجێندای کۆبوونەوەکانیان دەبێت، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا، شاندەکەی یەکێتی دەرئەنجامی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ پارتی لەگەڵ گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵ دەخاتەڕوو.

هەر بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، لە کۆبوونەوەکەی یەکێتی و گۆڕان باس لە دۆخی سیاسیی و ئیداری سنووری سلێمانی دەکرێت، بەتایبەتی ئەو رێککەوتنەی کە هەردوولا هەیانە لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی و باسکردنی دۆخی خوێندن لە پارێزگای سلێمانی، کە ماوەی دوو مانگە پرۆسەی خوێندن لە ناوەندەکانی خوێندنی سلێمانی دەستی پێنەکردووە.