کۆمپانیای فایزەری ئەمەریکی سکاڵا لەسەر پۆڵەندا تۆمار دەکات

K24 - هەولێر

کۆمپانیای فایزەری ئەمەریکی بۆ دەرمانسازی، کێشەکانی لەگەڵ پۆڵەندا قوڵ بووەتەوە و سکاڵای لەسەر تۆمار کردووە، هەروەها داوای قەرەبووی یەک ملیار و نیو دۆلار دەکات.

کۆمپانیای فایزەری ئەمەریکی بۆ دەرمانسازی، سکاڵا لەسەر پۆڵەندا تۆمار دەکات لەسەر ئەوەی، بانگەشەی ئەوە دەکات گرێبەستی ڤاکسینی Covid-19ـی کۆمپانیاکە ناتەواوە.

پۆڵەندا بە پێی گرێبەستێکی مشتومڕاوی کە کۆمیسیۆنی ئەوروپا لەگەڵ کۆمپانیای فایزەر لە ساڵی 2021 واژۆی کردبوو، بە ناوی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، ناچار بوو دەیان ملیۆن ژەمە ڤاکسین بکڕێت.

فایزەر داوای قەرەبووی یەک ملیار و نیو دۆلار دەکات بۆ ئەو 60 ملیۆن ژەمە دەرمانەی کە لەلایەن حکومەتی پۆڵەندا رەتکراونەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە نیسانی 2022 ژەمە ڤاکسینەکانی وەستاند.

لە کۆتاییدا یەکێتی ئەوروپا بەپێی گرێبەستەکە یەک ملیار و 100 ملیۆن ژەمە ڤاکسینی لە کۆمپانیاکە داواکرد، ئەمەش بارگرانی خستە سەر وڵاتان بە هۆی زۆری ڤاکسینەکانەوە و کەمبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

داواکاری گشتی یەکێتی ئەوروپا پێشتر لێکۆڵینەوەی لەبارەی کڕینی ئەو ڤاکسینانە و تۆمەتەکانی گەندەڵی و گرێبەستە نهێنییەکانی پشت پەردەیان لەسەرە کردووە، هاوکات کاتارزینا سویکا، وەزیری تەندروستی پۆڵەندا هۆشداریدا لەوەی وڵاتانی دیکەی ئەوروپا رووبەرووی دادگا دەبنەوە.

پۆڵەندا گومانی خستە سەر سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسۆلا ڤۆی دێر لاین، لە گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیای فایزەر، هەروەها ئەو پەیوەندییە تایبەتانەی کە لەگەڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فایزەر "ئەلبێرت پۆرلا" هەیبووە لەکاتی ئەنجامدانی گرێبەستەکە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان زیاتر لە حەفت ملیۆن کەس لە سەرانسەری جهیاندا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، بەڵام بەرپرسانی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی پێیانوایە نزیکەی 20 ملیۆن كه‌س به‌هۆی كۆرۆناوه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.