دوای بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران، ئامادەکاری بۆ ناردنە دەرەوەی تووشبووانی تالاسیمیا دەکرێت

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی 100 توشبووی تالاسیمیا بە مەبەستی چاندنەوەی مۆخ، دەبردرێنە هەردوو وڵاتی تورکیا و ئوردن. ئێستا ئامادەکاری بۆ ناردنە دەرەوەی ئەو 100 تووشبووە دەکرێت.

نزیكه‌ی چوار هه‌زار تووشبووی تالاسیمیا له‌ هه‌رێمی كوردستان هەن‌. زۆربه‌یان خانه‌واده‌كانیان هه‌ژارن و چه‌ند ساڵێكه‌ چاوه‌ڕوانی بڕیارێكی له‌م شێوه‌یه‌ی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوون.

لڤین، تووشبووەکی تالاسیمیایە و لەگەڵ زیادبوونی تەمەنی، ئێش و ئازارەکانیشی زۆر دەبن و مەینەتی خێزانەکەشی قورستر دەبێت.

دایک و باوک و برایەکی لڤینیش هەڵگری نەخۆشیەکەن. دایکی لڤین بە گریانەوە باس لە ئازارەکانی کچەکەی دەکات؛ بەشێکی فرمێسکەکانی خۆشین، چونکە  کچەکەی دەبرێتە دەرەوە بۆ چارەسەر. لاوەندی تەمەن 10 ساڵ بڕیاری داوە بەشێکی مۆخی ببخەشێتە لڤینی خوشکی.

ئەڤین محەمەد، دایکی لڤین دەڵێت: "کاتێک ئازار لە سکی یان پشتی پەیدادەبێت یان کاتێک دەموچاو و قاڵبی ئەستوور دەبێت، پێویستە بە خێرا بگەیەنینە لای پزیشک. پشکنینی بۆ دەنووسن، بەڵام بەهای پشکنینەکان زۆرە".

بردنەدەرەوەی 100 توشبووی تالاسیما هەموو هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە؛ 35 تووشبوی هەولێر، 35ی  سلێمانی و  30 تووشبووی دهۆک بەبڕیاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێنە هەردوو وڵاتی تورکیا و ئوردن.

مەرجی ناردنەدەرەوەش دەبێت تەمەنیان لەنێوان 3 بۆ 18 ساڵ  بێت و، هەر نەخۆشێک دەبێت کەسێکی نزیکی خۆی مۆخی پێ ببەخشێت؛ ئەگەر مۆخی لە کەسی نزیکی دەست نەکەوت، دەبێت بۆی بکڕدرێت.

ئەو نەخۆشانەی مۆخی کەسێکی نزیکی خۆیانی بۆ دەبێت تێچووەکەی 60 هەزار دۆلارە، ئەوانەشی بۆیان دابین دەکرێن چارەسەرییان 90 هەزار دۆلارە. بە چاندینی مۆخ نەخۆشەکە دەگەرێتەوە بۆ ژیانی ئاسایی .

ئیبراهیم ئەحمەد، سه‌رۆکی ئه‌نجوومه‌نی باڵای تالاسیمیای کوردستان باس لەوە دەکات: "لەو 36 نەخۆشەی پشکنینیان بۆ کراوە، رێژەی ئاسنیان کەمە. ئەوەی بەخشەرە بۆ ئەو تووشبووەی تالاسیمیا، رێژەی ئاسنیان سەدا 100ـە و، ئامادەیە بۆ چاندنی مۆخ لە دەرەوەی وڵات".  

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 4 هەزار توشبووی نەخۆشی تالاسیمیا هەن؛ ئەو نەخۆشانە جگە لەوەی مانگانە خوێنیان پێوستە، دەبێت چارەسەریش وەربگرن کە تێچووی زۆرە، هەبوونی ئەو نەخۆشیەش لە هەر ماڵیکدا خێزانەکە تووشی مەینەتی و بارگرانی دەکات.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی یەکشەممە، 23ـی تەمموزی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندیی دا لەسەر تەرخانکردنی نزیکەی سێ ملیار دینار بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ تووشبووانی تالاسیما لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.

ساڵی رابردووش، 2022/05/19، به‌ بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕی 5 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار، بەمەبەستی چاندنی مۆخی ئێسک بۆ 100 تووشبووی تالاسیمیا لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان خەرج کرا.