ئیسرائیل 42 زیندانی دیکەی فەڵەستینی ئازاد دەکات

K24 - هەولێر

ئیسرائیل رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە 42 فەڵەستینی دیکە ئازاد دەکات و حەماسیش 14 بارمتە ئازاد دەکات، کە لە دوای هێرشەکەی مانگی رابردووەوە دەستگیریکردوون.

لە یەکەم رۆژی رێککەوتنی ئاگربەستەکەدا، حەماس 13 ژن و منداڵی بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد کرد، لە بەرامبەردا ئیسرائیل 39 ژن و منداڵی دەستگیرکراوی فەڵەستینی ئازاد کرد.

هەروەها 10 کەسی تایلەندی و یەک فلیپینی لە نێو بارمتە ئازادکراوەکانی غەززەدا بوون.

قەتەر بەهاوبەشی میسر و ئەمەریکا رێککەوتنی ئاگربەستیان بۆ ماوەی چوار رۆژ راگەیاند، کە دەتوانرێت درێژیشبکرێتەوە، رێککەوتنەکەش ئەوەیە کە حەماس 50 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد بکات و ئیسرائیلیش 150 دەستگیرکراوی فەڵەستینی ئازاد بکات، هەروەها بڕێکی زۆری هاوکارییە مرۆییەکانیش بچێتە ناو کەرتی غەززە.

لە 7ـی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، زیاتر لە 1200 ئیسرائیلی کوژراون و زیاتر له‌ هه‌زاریشیان بریندارن، هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن ئەو حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.

هەروەها بەهۆی هێرشە چڕەکانی ئیسرائیلیش 14 هەزار و 854 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون، کە لە نێو کوژراوەکاندا شەش هەزار و 150 منداڵ و چوار هەزاریش ئافرەتن.