یەكێتی و گۆڕان سێ پرسیان تاوتوێکرد

کۆبوونەوەی یەكێتی و گۆڕان لە سلێمانی
کۆبوونەوەی یەكێتی و گۆڕان لە سلێمانی

K24 - هەولێر

گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات "لەسەر ستراتیژییەکی نیشتمانی" بۆ پاراستنی کوردستان لە ئالنگارییەکانی ناوچەکە رێکبکەون. دەشڵێت، "ئێمە و یەکێتی لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردنی پەرلەمان لەکاتی خۆیدا بکرێت".

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 25-11-2023، شاندێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی ئەو حزبە سەردانی مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕانی لە شاری سلێمانی کرد. وابڕیارە هەر ئەمڕۆ، شاندەکەی یەكێتی سەردانی کۆمەڵ و یەکگرتووش بکات.

دلێر عەبدولخالق، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ شاندی یەکێتی؛ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پرسە سیاسی، ئەمنی و کارگێڕییەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە.

گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەش دا، "بابەتی بودجە و کێشە هەڵپەسێدراوەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە بوو".

رۆژی پێنجشەممە، 3ـی ئابی 2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسومێکدا، رۆژی (25ـی شوباتی 2024) بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد. هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

وەکو ئەوەی گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان باسی دەکات، "هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پرسێکی نیشتمانییە و ئێمە و یەکێتی لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردنەکە لەکاتی خۆیدا بکرێت".

هەر سەبارەت بە ناوەڕۆکی گفتوگۆکان، دلێر عەبدولخالق دەڵێت، لەگەڵ یەکێتی باسیان لەوە کردووە "چۆن بتوانین هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی لەو ئالنگاریی و تەحەدییانەی بەشێوەیەکی گشتی رووبەڕووی ناوچەکە بووەتەوە بپارێزین و، کورد نەبێت بەشێک لە بەشبەندی و پارێزبەندی لەنێوان ئەو ململانێییانەی کە هەیە". وەکو خۆی دەڵێت، ئەم چەندە "لەرێگەی ستراتیژییەکی نیشتمانی دەبێت لە بەغدا و لە ناوچەکە کە هەموو لایەنە سیاسییەکان کۆ بکاتەوە".

بە گوتەی دلێر عەبدولخالق، "ئێستا دۆخی ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە ناوچەکە لە بەردەم مەترسیدایە؛ حیکمەت ئەوەیە هەموو لایەنە سیاسییەکان؛ ئەوانەی لەنێو حکومەتی هەرێمی کوردستاندان و ئەوانەش کە ئۆپۆزیسیونن؛ بەیەکەوە لەسەر ستراتیژیەتییەکی نیشتمانی رێکبکەوین".