کەمپینی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان دەستپێدەکات

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ رۆژی شەممە (25ی تشرینی دووەم) کەمپینی نێودەوڵەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە چەندین وڵاتی جیهان دەستپێدەکات، کە تێیدا لە رێگەی چەندین چالاکی جۆراوجۆرەوە داوای نەهێشتینی توندوتیژی ئافرەتان و کچان دەکرێت.

کەمپینەکە، کە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە بەردەوام دەبێت، لە رۆژی شەممەوە دەستپێدەکات کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، لە رۆژی 10ی کانوونی یەکەم کۆتایی پێدێت کە دەکاتە رۆژی جیهانی مافی مرۆڤ.

لە هەرێمی کوردستانیش چالاکیەکانی ساڵانە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و سەنتەر و رێکخراوەکانی ئافرەتان بە چەندین چالاکی بەشداری لە هەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان دەکەن.

بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 1991، کۆمەڵێک چالاکوانی بوارەکانی مافی ئافرەتان بە بۆنەی کردنەوەی پەیمانگای جیهانی سەرکردایەتی ئافرەت کەمپینەکەیان راگەیاند.

رەنگی پرتەقاڵی وەک رەنگی فەرمی کەمپینەکە ساڵانە بەکاردێت کە ئەمەش وەک هێمایەکە بۆ داهاتوویەکی بەدەر لە توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و کچان.

دیاریکردنی 16 رۆژ بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکان بۆ ژمارەی ئەو رۆژانە دەگەڕێتەوە کە دەکەونە نێوان هەردوو بەرواری 25ی تشرینی دووەم و 10ی کانوونی یەکەمە.