ناسا گەنجێکی عێراقی دەخاتە لیستی "رێزلێگیراوان"

موئەمەل ئەحمەد شەکیر، بەرپرسی بەشی ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە ناوەندیی دیجیتاڵ میدیای عێراقی
موئەمەل ئەحمەد شەکیر، بەرپرسی بەشی ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە ناوەندیی دیجیتاڵ میدیای عێراقی

K24 - هەولێر

دوای ئاشکراکردنی سێ کەلێنی ئەمنی لە ماڵپەری سەرەکی ناسا؛ ئاژانسەکە بڕیاردەدات گەنجێکی عێراقی بخاتە لیستی "رێزلێگیراوان"ـەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 25-11-2023، موئەمەل ئەحمەد شەکیر، بەرپرسی بەشی ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە ناوەندیی دیجیتاڵ میدیای عێراقی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، رۆژی پێنجشەممە، 23-11-2023، ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەمەریکا، ناسراو بە ناسا، لە بوونی "سێ کەلێنی ئەمنی" لە ماڵپەرە سەرەکییەکەی ئاگادارکردووەتەوە.

موئەمەل شەکیر دەڵێت: "رۆژێک دوای ئەوەی ناسام لە رێگەی بەشی ئاگادارکردنەوەی ماڵپەرەکە ئاگادارکردەوە، ئاژانسەکە بە شێوەیەکی فەرمی وەڵامی منی دایەوە و بڕیاریدا ناوم بخاتە نێو لیستی رێزلێگیراواندا".

بە گوتەی گەنجە 24 ساڵییەکە؛ بە بوونی ئەو سێ کەلێنە ئەمنییە لەنێو ماڵپەری سەرەکی ناسادا، هاککەرەکان دەیانتوانی بە ئاسانی دەستیان بە ناوەندیی زانیارییەکانی ئاژانسەکە "داتا بەیس" بگات، بۆیە پێی گوتوون، "پێویستە بە زووترین کات ئەو كێشەیە چارەسەر بکەن".

ئەو گەنجە عێراقییە کە دانیشتووی شاری کووتە، باس لەوە دەکات، جاری یەکەم نییە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی خەڵات دەکرێت و رێزی لێ دەنرێت. دەڵێت، "پێشتر کۆمپانیای مێتا، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن)، پلاتفۆڕمی تێلێگرام و چەندین ئاژانسی دیکەی نێودەوڵەتیی لە بوونی ئەو کەلێنە ئەمنییانەم ئاگادارکردووەتەوە و ئەوانیش رێزلیان لێ ناوم، چونکە زۆر گرنگی بە پاراستنی زانیارییەکانیان دەدەن".