هۆشداری له چالاكی گرووپه چهكدارهكانی عێراق دهدرێت
K24 – بەغدا:
لە كاتيكدا حكومەتی عێراق نەیتوانیووە جڵەوی گرووپە چەكدارەكانی ناو عێراق بكات و رێگە لە ھێرشەكانیان بگرێت كە بەھۆیەوە بنكەی هاوپەیمانان و نوێنەرایەتییە نێودەوڵەتییەکان لە عێراق دەكەنە ئامانج، شارەزایان و چاودێران ئەو كۆنتڕۆڵنەكردنە بە مەترسیدار بۆ داھاتووی وڵات دادەنێن.
"زۆر شەرمنانەیە و لە ئاستی مەترسی رووداوەكاندا نییە"، چاودێران بەو جۆرە رستانە وەسفی ئەو بەیاننامانەی حكومەتی عێراقی دەكەن كە تایبەتن بە باسكردنی ئەو گرووپە چەكدارانەی كە بنكە و نوێنەرایەتییە نێودەوڵەتییەکان لە عێراق دەكەنە ئامانج.
چاودێران دەڵێن، حكومەتی بەغدا ئەو ھێرشانە بە كردەوەی تیرۆرسیتی وەسف ناكات و تەنیا وەكو پەلاماری چەكداریی ناویان دەھێنێت، "کە ئەمەش جۆرێك لە ترسی حکومەت بەرامبەر ئەو گرووپانە دەردەخات".
لەلایەن خۆیەوە، جەمال ئەلتائی، شارەزای بواری سیاسی بۆ کوردستان24 گوتی، " بەیاننامەكانی حكومەت شەرمنانەن، و ئەو گرووپە چەكدارانەی بۆ كۆنتڕۆڵ ناكرێت، چونكە لە دەرەوەی یاسادان، ھەر بۆیە تەنانەت ئەو بەیاننامانەی لە فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكانی عێراقەوە رادەگەیەندرێت، ئەو گرووپانە بە گرووپی تیرۆریستی یان دەرچوو لە یاسا و چەكداری نایاسایی وەسف ناكات، تەنیا بە گرووپی چەكدار ئاماژەیان بۆ دەكات، واتە؛ دەست بۆ ناوبانگیان نابات".
بەشێکی دیکە لە شارەزایان و چاودێران باس لەوە دەکەن، بەردەوامی ئەو هێرشانە بۆی ھەیە عێراق بكاتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی حساباتی سیاسی، ھەموو ئەوانەش كاریگەری وێرانكارانەی دەبێت، بەسەر رەوشی عێراقێكەوە كە ھەنديك لایەن، بە ئەجێندای دەرەكی و ھەرێمایەتییەوە پەیوەستن، ھەوڵدەدەن عێراق بكەنە مەیدانی ململانێكانی خۆیان.
لەوبارەیەوە، د. فادی حەسەن، شارەزای بواری ئاسایش و سیاسەت بۆ کوردستان24 رایگەیاند، " هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی ئێمە ببینە لایەنگری ئەملا یان ئەولا، ئەو رەوتە عێراق بەرەو کارەسات دەبات، ھەموو دەسەڵاتەكانی عێراق بەرانبەر ئەو جۆرە بیركردنەوەیە دەبێت پێداگیربن و كاردانەوەیان ھەبێت".
ھەندێك لە چاودێران ترسی ئەوەیان ھەیە، سستی حكومەتی عێراق لە مامەڵەكردنی لەگەڵ ئەو گرووپە چەكدارانەی بنكەی ھاوپەیمانان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكانیان بەئامانج گرتووە، ببێتە خاڵێكی نەرێنی كارەساتبار، بە تایبەتی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە.
لە دوو رۆژی رابردوودا، چوار هێرش له رێگهی درۆن و مووشهكهوه لهلایهن بهرهی موقاوهمه كراونهته سهر هێزهكانی هاوپەیمانان له عێراق و سووریا، بهمهش له ناوهڕاستی 17ـی ئۆكتۆبهرهوه تا ئێستا، 73 هێرش لهو دوو وڵاته كراوهنهته سهر هێزەکانی هاوپەیمانان. بهڵام وهزارهتی بهرگری ئهمهریكا رایگهیاندووه، به ژمارهیهك هێرش بۆ سهر دوو دامهزراوه، وهڵامی ئهو هێرشانهیان داوهتهوه و هەشت چهكداری حزبوڵڵای عێراقیش تێیدا كوژراون.
لە راگەیەندراوێکدا فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە (22ـی تشرینی دووەمی 2023) هێزەکانیان لە دوو هێرشی جیادا "دوو پێگەی میلیشیاکانیان لە عێراق" بۆردومانکردووە.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا باسی لەوەشکردووە، هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو گرووپە چەکدارانە، وەڵامدانەوەی راستەوخۆیە بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان "لەلایەن گرووپەکانی نزیک لە ئێرانەوە"، لەنێویشیاندا ئەو هێرشەی 21ی ئەم مانگە بە بەکارهێنانی مووشەکی بالیستی کورت مەوادا کرایە سەریان.
لەگەڵ بەردەوامی هۆشدارییەکانی ئەمەریکا، بەڵام هێشتا هێرشەکان هەر بەردەوامن تا ئێستا زیاتر لە 70 جار هێرش کراوەتە سەر بنکە و پێگەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا.
بنكهی سەربازی عەین ئەسەد، گهورهترین بنكهی سەربازییە لە عێراق. 64 كیلۆمهتر له باكووری بهغداوە دووره، له دهیهی ههشتاكانی سهدهی رابردوودا كۆمپانیایهكی یۆگسلافی درووستیكردووه، 39 ژێرزهمین و پهناگهی پتهوی بۆ پاراستنی فڕۆكه تێدایه، له سهردهمی شهڕی ههشت ساڵهی عێراق و ئێراندا چالاكترین بنكهی ئاسمانی عێراق بووه.
ئا/ سەیف عەلی