سوپای عێراق ژمارەیەک جووتیاری کورد لە سەرگەڕان دەستگیردەکات

گوندی پەڵکانە لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان - ئەرشیف
گوندی پەڵکانە لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان - ئەرشیف

K24 – کەرکووک:

ئەمشەو سوپای عێراق بە مەبەستی رێگریکردن لە کاری کشتوکاڵی لە جووتیارانی کورد، بەهێزێکی زۆرەوە گەمارۆی سنووری چەند گوندێکی شارەدێی سەرگەڕانی دا و ژمارەیەک جووتیاری کوردیان دەستگیرکرد.

لەمبارەیەوە دەشتی ئاغا کە جووتیارێکی گوندی پەڵکانەیە بە کوردستان24ـی راگەیاند، تا ئێستا سوپای عێراق حەوت جووتیاریان دەستگیرکردووە بە بیانووی ئەوەی کاری کشتوکاڵیان کردووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە گووتیشی، "هیچ بنەمایەکی یاسایی بۆ دەستگیرکردنی ئەو جووتیارانە نییە و هەمووان لەسەر خاک و زەوی خۆیان خەریکی کار و کاسبی و ژیانی خۆیانن، ئەوەی سوپای عێراق دەیکەن گێچەڵکردن و شەڕ فرۆشتنە و لەسەر داوای عەرەبی هاوردەیە".

هاوکات دانیشتووانی سنووری سەرگەڕان لە رێگەی کوردستان24ـەوە، "داوایان لە نوێنەرانی کورد کرد دەستوەردان بکەن و کۆتایی بەو زوڵم و زۆردارییە بهێنن بەرامبەر جووتیارانی کورد لە ناوچەکە دەکرێت".

رۆژی سێشەممە (24ـی تشرینی یەکەمی 2023) دوای ئەوەی جووتیارانی گوندی شەناغەی سەر بە شارەدێی سەرگەڕان بۆ مەبەستی کاری کشتوکاڵی سەردانی زەوییەکانیان کردبوو، لەو کاتەدا هێزیکی سەربازی سوپای عێراق بە هەمەرەوە هەڵیانکوتایە سەر زەوی جووتیارە کوردەکان و داوایان لە جووتیاران کردبوو کاری کشتوکاڵی لەسەر زەوییەکانیان رابگرن، جووتیارانیش رەتیان کردبووەوە بۆیە جووتیارەکان کە ژمارەیان 20 کەس بوو، سەرجەمیان لەلایەن سوپاوە دەستگیرکران.

دوای ئەوەی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، هاتە سەر هێل و پەیوەندی بە لایەنە سەربازیەکانی ئەم سنوورە کرد و لە ئەنجامدا سەرجەمیان ئازادکران، بەڵام وەک جووتیاران ئاماژەی پێدەکەن، سوپای عێراق ماوە ماوە هەڵدەکوتێتە سەر زەوییەکانیان، لە هەندێک شوێن هەمەری سەربازیان داناوە 24 کاتژمێر چاودێرییان دەکەن.

پێشتریش جووتیارانی گوندەکانی شارەدێی سەرگەڕان، فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووکیان ئاگادارکردووەتەوە ئەگەر سوپای عێراق لەسەر رێگرییەکانی بەردەوام بێت خۆپیشاندانی بەرفراوان ئەنجام دەدەن.

یەکێک لە بڕگەکانی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق ئەوەیە کە عەرەبی هاوردە دەبێ بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان و قەرەبوو بکرێنەوە، ئەگەر ئەم بڕگەیەی ئەو ماددەیە جێبەجێ بکرێت، رەنگە بەشێکی زۆر لەو کێشانەی کە ئێستا هەن لەسەر زەویوزاری جووتیارانی کورد چارەسەربن.

بەپێی بڕیاری ژمارە 29ـی ساڵی 2012 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکوور، زیاتر لە 700 گرێبەستی عەرەبی هاوردە هەڵوەشاوەتەوە و فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووکیش بە نووسراوی فەرمی فیرقەی هەشتی سوپای عێراقی ئاگادارکردووەتەوە رێگە لە کاری  کشتوکاڵی جووتیارانی کورد نەگرن، بەڵام سوپای عێراق گوێ بە داواکارییەکەی فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک نادات.

لە سنووری پارێزگای کەرکووک، ملیۆنێک و 100  هەزار دۆنم زەوی کێشەی لەسەرە، بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکان یەک لەسەر سێی کێشەکان چارەسەر دەبن، بڕیاری ژمارە 29ـی ساڵی 1975ـی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لێژنەی کاروبارەکانی باکووریش کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەساڵی 2012 بڕیاری لەسەرداوە و گشتاندنی بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کردووە، کە پێویستە لە رێگەی وەزارەتی دادی عێراقەوە، فشار لەسەر دادگاکان و فەرمانگەی تاپۆی کەرکوک بکرێت، بۆ گەڕاندنەوەی 900 هەزار دۆنم زەوی دیکەی جووتیارانی کورد و تورکمان.