لە هەورامان رێژەی توندوتیژی دژی ژنان نزیکە لە سەدا سفر

kurdistan24.net

K24 - هەڵەبجە

ساڵانه‌ ئاماری توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە هەورامان، به‌ رێژه‌ی سه‌دا سفر‌ یان نزیک لە سفرە، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆرینەی ژنان لە هەورامان خاوەن کارن و پیاوان زەمینەی کاریان بۆ رەخساندون و تواناكانیان شان بەشانی پیاوان تواناکانیان خستووەتەگەڕ.

ئافره‌تانی ناوچەی هەورامان باوەڕیان بە تواناكانی خۆیان هەیە و لە زۆرینەی کارەکان هاوکاری پیاوەکانن یاخود خۆیان خاوه‌ن کارن.

لە هەموو شوێنێک دەگوترێت ژن نێوەی کۆمەڵگایە، بەڵام لە هەورامان ئەو درووشمە وەکخۆی پەیڕەو دەکرێت، بە بڕوای د. مهاباد کامیل سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە، "لێهاتوویی و متمانە بەخۆبوونی ژنانی هەورامان و متمانەی پیاوان بە تواناکانیان، وایکردووە رێژەی توندوتیژی زۆر کەم بێت و ژنان شان بە شانی پیاوان کاربکەن".

د. مهاباد، بە کوردستان24ی گوت: "لێرە ژنان تەنیا لە پشتی پەردەوە نەبوونە، بەڵکو بڕیاردەر بوونە لەگەڵ هاوسەر و باوک و براکانیان، هەم ژنان متمانەیان بەخۆیان هەیە هەمیش پیاوەکان متمانەیان بە توانا و هێزی ژنان هەیە".

ساڵانە ئاماری توندوتیژی دژی ژنان لە هەورامان نزیک دەبێتەوە لە سفر و هەندێک ساڵیش سفرە، بە گشتی لەناو خێزان و دامەزراوە فەرمییەکان ژنان رێز لێگیراون. وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە هۆکارەکەی بۆ هۆشیاری تاکی هەورامان دەگەڕێنیتەوە.

بارزان عوسمان، وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە دەڵێت: "رەنگە چەند حاڵێکی توندوتیژی لە ناوچەکەدا تۆمار بکرێت، بەڵام ژن کوشتن لە هەورامان نییە، ئەمساڵ و ساڵانی پێشووتریش تائێستا هیچ حاڵەتێکی ژن کوشتن لەم سنوورە تۆمار نەکراوە".

گوتیشی: "ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی رۆشنبیری خەڵکی هەورامان و ژنان هاوبەشن لە کایەکانی ژیان و بەشداری سەرەکین لە بڕیاردان".