هاووڵاتییەک سەنتەری شۆردنی گورچیلە لە قەڵادزێ دروست دەکات

kurdistan24.net

K24 – قەڵادزێ

نەخۆشێکی پەککەوتووی گورچیلە لە قەڵادزێ، سەنتەرێکی شۆردنی گورچیلەی لە شارۆچکەکە دروستکرد، بەڵام مەرگ رێگای نەدا سەنتەرەکە ببینێ و لەلایەن کەسوکاری رادەستی وەزارەتی تەندروستی کرا، تاکو بخرێتە خزمەت ئەو نەخۆشانەی گورچیلەکانیان وەستاوە و پێویستیان بە شۆردنی گورچیلە ھەیە.

د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی رێوڕەسمی کردنەوەی سەنتەری گورچیلەی قەڵادزێ بوو، سوپاسی بنەماڵەی مەلا مەحموود نورەدینی کرد کە سەنتەرەکەیان دروستکردووە .

پێشتر پەککەوتووانی گورچیلە لە قەڵادزێ بۆ شۆردنی گورچیلە دەچوونە رانیە، ئێستا 35 کیلۆمەتر رێگایان لە کۆڵ بووەتەوە و ھەر لە قەڵادزێ دەتوانن گورچیلەکانیان بشۆن.

د. دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی راپەڕین رایگەیاند، لە شەش مانگی رابردووەوە لە دەروازەی راپەڕین نزیکەی سێ هەزار و 500 کەس پێویستی بە شۆردنی گورچیلە هەبووە، بەشێکی زۆری ئەو کەسانەش کە شۆردنی گورچیلەیان بۆ کراوە خەڵکی رانیە و قەڵادزێن.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی راپەڕین، بە کوردستان24ـی گوت: "لە سنووری ئیدارەی راپەڕین و قەزای پشدەر توانیمان سەنتەرێکی شۆردنی گورچیلە بکەینەوە و بیخەینە خزمەتی هاووڵاتییان، گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ ئەم سنوورە بەتایبەت لە رووی رێگا و ناردن و هاتووچۆی ئەم نەخۆشانە، کە خۆیان دووچاری کۆمەڵێک کێشە و گیروگرفت بوون، رێگاکەش ببوو بە بەربەست لە بەردەمیان لە رووی هاتووچۆ و تێچووەوە".

گوتیشی: "ئێمە کە لە سنووری رانیە سەنتەری شۆردنی گورچیلەمان هەبوو، هاوشێوەکەی لە قەزای پشدەرە، دەتوانین بەیەکەوە خزمەتی ئەو نەخۆشانە بکەین کە پێویستیان بە شۆردنی گورچیلە هەیە، لە سەر بڕیاری پزیشکی پسپۆڕ".

بەپێی ئامارێکی شەش مانگی رابردوو کە د. دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی راپەڕین خستییەڕوو، لە راپەڕین نزیکەی سێ هەزار و 500 کەس پێویستی بە شۆردنی گورچیلە هەبووە، بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی کە شۆردنی گورچیلەیان بۆ دەکرێت خەڵکی رانیە و قەڵادزێن.

د. دیار ئیبراهیم، راشیگەیاند : "لە سنووری قەزای پشدەر توانیوومانە چوار ئامێری شۆردنی گورچیلە دابین بکەین، کە بەپێی ژمارەی نەخۆشەکان دەتوانن بەشێوەیەکی باش سوودی لێ وەرگرن، پلانیشمان هەیە لە داهاتوودا ئەم چوار ئامێرە بکەین بە 10 ئامێری شۆردنەوەی گورچیلە، لەم سنوورە بۆ ئەوەی سەنتەرەکە بەتەواوی کارەکانی خۆی بکات".