"کوردەوان" کوڕی مەحموود هەڵەبجەیی دەرنەچوو

منداڵێکی دۆزراوەی هەڵەبجەیی، دوای پشکنین و بە بڕیاری دادگا بە هەڵەبجەیی دەرنەچوو
کوردەوان - مەحموود فەتاح
کوردەوان - مەحموود فەتاح

K24 – هەولێر

دادگای باری کەسێتی هەڵەبجە کەیسی منداڵێکی دۆزراوەی یەکلایی کردەوە و ئەو کەسە هەڵەبجەیی دەرنەچوو.

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، ئەمڕۆ بە بڕیاری دادگای باری کەسێتی هەڵەبجە، هاوڕێ ئەنوەر عەسکەر، کە خۆی بە "کوردەوان هەڵەبجەیی" ناساندبوو، بە کوڕی مەحموود فەتاح دەرنەچوو.

گوتیشی: "ساڵی رابردوو کوردەوان هەڵەبجەیی بە گوێرەی نووسراوێک و پشکنینی "دی ئێن ئەی" کە لە بەغدا کرابوو، رایگەیاند کوڕی مەحموود فەتاحە، بەڵام هەر ئەو کات مەحموود فەتاح گومانی لە کەیسەکە هەبوو، داوای پشکنینی لە دەرەوەی وڵات بۆ کوردەوان کرد و بە گوێرەی پشکنینەکەش دەرکەوت کوردەوان هەڵەبجەیی، کوڕی مەحموود فەتاح نییە.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست پەیامنێری کوردستان24 کەوتوون، تائێستا هەشت منداڵی ونبووی هەڵەبجە گەڕێندراونەتەوە و لەو ژمارەیەش پێنج منداڵ گومان لە پشکنینەکانیان دەکرێت، هەروەها 68 خێزان داوای 118 منداڵ دەکەن، کە لە کاتی کیمیاباران کردنی هەڵەبجەوە بێسەروشوێن بوونە.

‌لە 16/3/1988، هەڵەبجە لەلایەن حکومەتی ئەو کاتی عێراقەوە بە چەکی کیمیایی بۆردومانکرا، بەهۆیەوە زیاتر لە پێنج هەزار کەس شەهید بوون و هەزارانی دیکەش بریندار بوون.