سبەی وەزیری پێشمەرگە بۆ سەر ئەرکەکەی دەگەڕێتەوە
K24 – هەولێر:
بڕیارە سبەی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ سەر ئەرکەکەی لەناو دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 لەماوەی رابردوودا وەزیری پێشمەرگە نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردبوو، بەڵام هیچ هۆکارێک نەبوو کە دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسەند بکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە (26ـی تشرینی دووەمی 2023) بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، بڕیارە سبەی کاتژمێر 10ـی بەیانی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە بگەڕێتەوە سەر ئەرکەکەی لەناو دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە.
کوردستان24 زانیویەتی، سبەی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە مەراسیمێک بۆ دەستبەکاربوونەوەی ناوبراو رێکدەخرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژی شەممە (25ـی تشرینی دووەمی 2023) سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی ههرێمی كوردستان بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە بگەڕێتەوە وەزارەتهكهی و وەک وەزیر درێژە بە ئەرکەکەی خۆی بدات.
هاوکات سەرچاوەیەک لە نووسینگەی وەزیری پێشمەرگە، هەواڵەکەی بۆ کوردستان24 پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا شۆرش ئیسماعیل دەگەڕێتەوە دیوانی وەزارەت و ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ دەکات و بەشداری لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات.
بهگوێرهی زانیارییهكانی کوردستان24، زیاتر له ساڵێكه شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە دەوامی نەکردووە و بۆ دروست نهبوونی ئاستهنگیش، كارهكانی ئەو وەزارەتە لهلایهن بریكاری وهزیری پێشمهرگهوە رایی كراوه.
دەوام نەکردنی وەزیری پێشمەرگە ئاستەنگی بۆ جێبەجێکردنی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرنامەی وەزارەت لەگەڵ هاوپەیمانان دروستکردبوو.
پێشتریش سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ی راگەیاندبوو: "لە سەردانهكهی تهمموزی ئهمساڵدا دانا سترۆڵ یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان، داوای گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگەی بۆسەر کارەکەی کردبوو".
هەر بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کوردستان24، پێشتر وەزیری پێشمەرگە نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردبوو، بەڵام هیچ هۆکارێک نەبووە کە دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسەند بکرێت.