نەوزاد هادی: کارنامەی پارتی جێگەی متمانەی خەڵکی نەینەوایە

نەوزاد هادی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا
نەوزاد هادی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا

K24 – هەولێر:

بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا دەڵێت: لیستەکەیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا تەواوی پێکهاتەکانی لەخۆگرتووە و کارنامەی حزبەکەشیان جێگەی متمانەی خەڵکی نەینەوایە.

نەوزاد هادی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لە چوارچێوەی لیستەکەی ئێمەدا سەرجەم پێکاهەتەکانی نەینەوا لەخۆدەگرێتن، کاندیدی برایانی عەرەبیشمان لە چوارچێوەی ئەم لیستەدا هەیە".

هاوکات راشیگەیاند، کار و بەرنامەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان جێگەی متمانەی خەڵکی نەینەوایە.

بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا، باسی لەوەکرد، پارتی دیموکراتی کوردستان هەموو بەرنامەکانی خزمەتکردن، پێکەوەژیان و پاراستنی هەموو پێکهاتەکان بووە.

نەوزاد هادی، گوتیشی: لیستی 197ـی پارتی لە نەینەوا بەهێزترین لیستە و لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاش لەو پارێزگایە پلەی یەکەم بەدەستدەهێنن.

وابڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

لەبارەی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ژمارە (12)ـی ساڵی 2018، زۆرترین کورسی لە بەغدای پایتەختە بە 49 کورسی و دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا دێت بە 26 کورسی و پارێزگای بەسرەش 22 کورسی هەیە. بەشێوەیەک، کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی هەر 15 پارێزگاکە بریتییە لە 275 کورسی و 75 کورسییان تایبەتە بە کۆتای ئافرەتان.