کەمال کەرکووکی: پارتی کار بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە کەرکووک دەکات

کەمال کەرکووکی، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک – گەرمیانی پارتی
کەمال کەرکووکی، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک – گەرمیانی پارتی

K24 – هەولێر:

بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک – گەرمیانی پارتی، رایدەگەیەنێت؛ گەڕانەوەی پارتی بە ئاڵای کوردستانەوە بۆ کەرکووک رۆژێکی مێژووییە. هەروەها بە گرنگییەوە باسی لە پەیوەندی پارتی لە کەرکووک لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان کرد و گوتی: "پەیوەندییەکانی نێوانیان زۆر باشە". گوتیشی: پارتی کار لەسەر جێبەجێکردنی ماددە دەستوورییەکان دەکات.

کەمال کەرکووکی، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک – گەرمیانی پارتی، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات رایگەیاند، پارتی لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەر خۆی بڕیاریدا نەگەڕێتەوە بۆ کەرکووک، چونکە پارتی دەیزانی پارێزگاری بەزۆر سەپێندراو دۆخی پارێزگاکەی شێواندووە، بە مەبەستی گەڕانەوەی بۆ کەرکووک پارتی لە دیالۆگ دابوو لەگەڵ حکومەتی عێراق، چونکە گەڕانەوەی پارتی گرنگ بوو بۆ کەرکووک، بۆیە بڕیاردرا پارتی بگەڕێتەوە بۆ کەرکووک، پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرەتاوە ئاڵای کوردستانی پاراستووە چونکە ئاڵای کوردستان رەمزێکی پیرۆزی کوردستانە.

بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک – گەرمیانی پارتی، هەروەها راشیگەیاند، پارتی هەمیشە پارێزەری ئاڵای کوردستان بووە، ئەمڕۆ جێگەی شانازی بوو دووبارە ئاڵای کوردستان لە کەرکووک هەڵدرا و، ئەمڕۆ رۆژێکی لەبیرنکراو بوو، پارتی بۆ بەرژەوەندی کەسی هیچ سازیشێکی نەکرد تاوەکو بە سەربەزی و بە ئاڵای کوردستانەوە گەڕایەوە بۆ کەرکووک.

کەمال کەرکووکی، دەڵێت: گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک گەڕانەوەی کوردە بۆ کەرکووک، بارزانی نەمر شۆڕشێکی لەسەر کەرکووک دانا، جەنابی سەرۆک بارزانیش بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پێشووی پارتی بەخشییە زانکۆی کەرکووک، ئەوانەی دژی کورد و پارتیش بوون لە کەرکووک دەستخۆشیان لەو کارەی سەرۆک بارزانی کرد.

بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک – گەرمیانی پارتی، ئاماژەی بەوەدا، پارتی و کەرکووک و دڵسۆزانی کەرکووک لەیەک دانەبڕاون تا ئەبەد بەیەکەوە دەمێننەوە، "پشتمان بە خەڵکەکەی خۆمان قایمە لە کەرکووک، چونکە ئەوان لەگەڵ مافی خۆیانن ئێمە پێشمەرگە و پارێزەری مافەکانیانین، هەروەها کار بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانە دەکەین لە کەرکووک".

کەمال کەرکووکی، گوتی: کاری جیددی دەکەین بۆ ئەوەی ماددە دەستوورییەکان جێبەجێ بکرێت و، کار دەکەین بۆ ئەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی شۆڕشی هەڵوەشاوە نەمینێت و، هەروەها کار دەکەین بۆ گەڕانەوەی زەویوزارەکانی کورد و تورکمان، کە بەناهەق داگیرکراون لەلایەن عەرەبی هاوردەوە.

لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ناوبراو، ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر بێت و هەڵبژاردنەکە بە شێوەیەکی دروست ئەنجامبدرێت  و دووربێت لە ساختەکاری، "دڵنیاین لەوەی کە خەڵکی کەرکووک پشتیوانی لە پارتی دەکەن و دەنگ بە پارتی دەدەن، چونکە هەموو دەزانن پارتی لەسەر مافی گەلی کوردستان و پێکهاتە رەسەنەکانی شاری کەرکووک سازش ناکات".

گوتیشی: "پەیوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ کریستییانەکانی کەرکووک زۆر باشە، هەروەها لەگەڵ عەرەب و تورکمانەکانیش زۆر باشن، کە بەشێک لە کاندیدانی پارتی لە کەرکووک لە نەتەوەی عەرەبن، هەروەها ئێمە وەک پارتی بەرگری لە مافەکانی عەرەب و تورکمانیش دەکەین".

کەمال کەرکووکی، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی راگەیاند، عەرەب و تورکمانەکانی کەرکووک کە سەر بە لایەنەکانی دیکەن زۆر جار سەردانی پارتی دەکەن و ستایشی پارتی دەکەن و هەمیشە دەڵێن: "ئێمە هەژمار مەکەن لەسەر ئەو کەسانەی کە دژی پارتی دیموکراتی کوردستانن، ئێمە نەفرەت لەوانە دەکەین و ئەوانە دووژمنی پێکەوەژیانن، ئێمە سوپاسی هەڵویستی جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکەین"، چەندین جار داواشیان کردووە سەرۆک بارزانی ببینن.

سەرنجی خستە سەر ئەوەش، کە لەگەڵ خەڵکی خۆیان لەسەر هێلن بۆ ئەوەی زۆرترین خەڵک بچێت دەنگ بدەن و دەنگ بەو کەس و لایەنانە بدەن کە خیانەتیان لێ ناکان، گوتیشی: "خەڵکی کەرکووک خۆیان باش دەزانن کە کێ بەرگری لە مافی کورد و کوردستان دەکات و، دەشزانن کە کێ خیانەتی لە خەڵکی کەرکووک کرد و کێ 16ـی ئۆکتۆبەری خولقاند".

بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک – گەرمیانی پارتی، ئەوەشی خستەڕوو، پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵدەدات بۆ ئەوەی زۆرینەی دەنگەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک بەدەستبهێنێت، بۆ ئەوەی بتوانێت لە رێگەی گفتوگۆ و رێککەوتن لەگەڵ سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکانی کەرکووک، پارێزگارێک هەڵبژێرن و ماف بۆ خەڵکی مافخوراو بگەڕێننەوە.

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، کاتژمێر 10:00، لە رێوڕەسمێکدا و بە ئامادەبوونی بەرپرس، ئەندام و کادیری هەردوو لقی سێ و مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی، بە شێوەیەکی فەرمی، بارەگای لقی سێی پارتی لە کەرکووک کرایەوە.

دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، هێزە عێراقییەکان دەستیان بەسەر بارەگاکانی پارتی لە کەرکووکدا گرتبوو. دوای شەش ساڵ پارتی بارەگای لقی سێی خۆی لە شاری کەرکووک کردەوە و چاوەڕێدەکرێت لەمڕۆوە دەست بکات بە بانگەشەیەکی بەرفراوان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.

بارەگای لقی سێی پارتی لە کەرکووک بە هەزاران ئاڵای کوردستان و پارتی رازێندراوەتەوە. ماوەی 10 رۆژ بوو پارتی لەسەر ئەرکی خۆی، کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ بارەگاکەی دەکرد.