وەزارەتی تەندروستی: دەرمانخانەیەکمان بەهۆی ئەنجامدانی تاوانێکی گەورەی دژ بە بەرژەوەندی هاووڵاتییان داخست

داخستنی دەرمانخانەیەک
داخستنی دەرمانخانەیەک

K24 – هەولێر:

وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە تاوانی فێڵکردن و گران فرۆشتنی دەرمان و لێکردنەوەی نرخ و ستیکەری فەرمی کوالیتی کۆنترۆڵ لەسەر دەرمانەکان، دەرمانخانەیەکی لە شاری هەولێر داخستووە.

رۆژی یەکشەممە (26ـی تشرینی دووەمی 2023) وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، سزای توند دەگرێتەبەر بەرامبەر تاوانێکی گەورەی دەرمانخانەیەک، "بەهۆی ئەنجامدانی تاوانێکی گەورەی دژ بە بەرژەوەندی هاوڵاتیان کە دەرکەوت دەرمانخانەی CVS Pharmacy نرخ و ستیکەری فەرمی کوالیتی کۆنترۆڵی لەسەر دەرمانەکان لابردووە بۆ ئەوەی بەنرخێکی گرانتر دەرمان بە هاووڵاتییان بفرۆشێت و بەم رێگەیە تاوانی فێڵکردن و گران فرۆشتنی ئەنجامداوە".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لە 26ـی 11ـی 2023، لیژنەی باڵای چاودێری دەرمان لە وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهەماهەنگی لەگەل لقی هەولێری سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان و پۆلیسی شارەوانی قایمقامییەتی قەزای ناوەندی هەولێر، پشکنینی بۆ ئەو دەرمانخانەیە ئەنجامداوە".

وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەستبەجێ بڕیاردرا بە داخستنی دەرمانخانە و راگرتنی مۆڵەتی دەرمانخانە و راگرتنی مۆڵەتی پیادەکردنی پیشەی دەرمانسازی و هەواڵەکردنی تۆمەتباران بۆ دادگا بۆ وەرگرتنی رێککاری یاسایی".

هاوکات وەزارەتی تەندروستی جەخت لە سەرجەم دەرمانخانە و سەنتەر و نەخۆشخانە تایبەتەکان دەکاتەوە خۆیان بە دوور بگرن لە دەرمان و پێداویستی پزیشکی بێ ستیکەر و نافەرمی و هاووڵاتییانیش ئاگاداردەکاتەوە، هۆشیاربن لەکاتی کڕینی دەرمان بەنرخی فەرمی سەر ستیکەر و دڵنیابوونەوە لە هەبوونی ستیکەری ئەلیکترۆنی.

لەگەڵ ئەوەشدا، وەزاەرتی تەندروستی ئاماژەی بەوەکردووە، لەکاتی هەستکردن لە نەبوونی ستیکەر یان نرخی گرانتر لە نرخی فەرمی، دەستبەجێ پەیوەندی بە هێلە گەرمەکانی چاودێری دەرمان بکەن بە ژمارەی مۆبایلی راستەوخۆ، واتسئەپ و ڤایبەر (07502356000).