پەرلەمانتارێک: سەرەتای ساڵی 2024 یاسای بودجە هەمواردەکرێتەوە

نەهلا قادر ئەفەندی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق
نەهلا قادر ئەفەندی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، سەرەتای ساڵی داهاتوو یاسای بودجە هەمواردەکرێتەوە بۆ ئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجی ڕاستەقینە جیابکرێتەوە. 

ئەمڕۆ دووشەممە، 27-11-2023، نەهلا قادر ئەفەندی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەوڵی جیددی دەدرێت لە رێگەی هەموارکردنەوەی یاسای گشتیی بودجەی عێراق، مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجی راستەقینە (ئینفاقی فیعلی) جیابکرێتەوە.

نەهلا ئەفەندی، کە هاوکات ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانە، دەڵێت، "ساڵانە دەتوانرێت بەشێک لە بڕگەکانی یاسای بودجە هەمواربکرێنەوە؛ بۆیە لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی پەرلەمان کە سەرەتای ساڵی داهاتوو و دوای پشوو دەستپێدەکەنەوە، کار هەموارکردنەوەی یاسای بودجە دەکرێت".

بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 27-11-2023، شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران؛ د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و خالید هادی چاوشلی راوێژکار لە ئەنجوومەنی وەزیران بەرەو شاری بەغدا بەڕێکەوت.                                                                   

وەزارەتی دارایی و ئابووری لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو: "بڕیارە شاندەکە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببنەوە، پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە گرنگترین تەوەرەکانی کۆبونەوەکە دەبن".

پێشتر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ی راگەیاندبوو: "گفتوگۆمان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، زیاتر لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەبێت، ئێمە لەژێر رێنماییەکانی سەرۆکی حکومەت هەوڵدەدەین شایستە داراییەکان و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بپارێزین".

سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، گوتی: "بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوو، سەردانی بەغدا بکەین و کۆبوونەوەیەکی دیکە لەو بارەوە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی بکەین".

رۆژی 7ى ئابى 2023، رێنماییەکانی جێبەجێکردنى یاسای بودجەى گشتیى فیدراڵی بۆ ساڵانى ئابووری 2023، 2024 و 2025 لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوکرایەوە و یاساکە بە تەواوى کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە. خەرجییەکانی بودجەی گشتیی عێراق بە 199 تریلیۆن و 22 ملیار و 111 ملیۆن و 663 هەزار دینار خەمڵێندراوە، خەرجیی وەبەرهێنان 49 تریلیۆن و 462 ملیار و 151 ملیۆن و 754 هەزار دینارە.

بەیانی رۆژی دووشەممە، 06-11-2023، کۆتا گوژمەی 700 ملیار دینارەکە، کە بڕەکەی 250 ملیار دینار بوو، لە ڕێگەی بانکی بازرگانی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

رۆژی پێنجشەممەش، 02-11-2023، بڕی 450 ملیار دینار لەلایەن هەردوو بانکی رەشید و رافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. هەمان رۆژ وەزارەتی دارایی و ئابووری خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەر و  مووچەخۆرانی بڵاوکردەوە.