بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی رێوڕەسمێکی تایبەت بە چالاکی و پڕۆژەکانی ئاژانسی جایکای ژاپۆنی بەڕێوەدەچێت

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە 28/11/2023، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێوڕەسمێکی تایبەت بە چالاکی و پڕۆژەکانی ئاژانسی جایکای ژاپۆنی لە هەولێر بەڕێوەچوو.

لە دەستپێکی رێوڕەسەمەکەدا د. کەنار هیدایەت، بەرپرسی کۆمەڵەی دەرچووانی خولەکانی جایکای، ئاماژەی بەوەکرد، وڵاتی ژاپۆن لە ساڵی 2003وە لە رێگەی وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هاوکاری و هەماهەنگی هەرێمی کوردستانی کردووە، لە چەند بوارێکی گرنگ کە بەشێکیان پڕۆژەی درێژخایەنن، هەروەها قەرزی درێژخایەن و کردنەوەی چەندین جۆر خولی راهێنان.

راشیگەیاند، لە ساڵی 2003وە تائێستا نزیکەی هەزار و 500 فەرمانبەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریان لە خولە جۆراوجۆرەکانی جایکای کردووە، بە مەبەستی زیاتر بەرەو پێشبردنی کاروبارەکانی حکومەت.

لە بەشێکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا هوتۆشی ماتسومۆتۆ باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: "شەڕەفمەندم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم بۆ بەشداریکردنی یەکەی جایکا لە هەرێمی کوردستان، پیرۆزبای لە هەموو ئەوانە دەکەم کە لە جایکا بەشداربوون".

گوتیشی: "ئەوانەی لە عێراق بەشداربوون لە جایکا، نزیکەی 10هەزار کەسن، هەرێمی کوردستانیش نزیکەی هەزار و 500 کەس بەرشدارییان کردووە، لە پڕۆگرامەکانی تایبەت بە جایکا، تێیدا دەرچوون و بەشداربوون لە بەرەو پێشچوونی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی ئەو ئەزموونەی لە پڕۆگرامەکە بەدەستیان هێناوە، ئەو کەسانەی کە بەشدارییان کردووە، خاوەن هێز و توانایەکی باشبوون".

باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق، ئاماژەی بەوەشدا: "ئێمە وەکو ژاپۆن توانیومانە تەنیا پێشوازی لەو ژمارەیە بکەین، ئەوانەی سەرکەتوو بوون و دەرچوون لە پڕۆگرامەکەی جایکا، وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، توانیویانە لای خۆیان دایان بمەزرێنن و کاریان پێبدەن و یارمەتیدەریانبن".

راشیگەیاند: "ژاپۆن هاوکاری کردووە لە دووبارە بونیادنانەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان، هاوکارییەکانیش تەنیا لە چوارچێوەی ناردنی کەرەستەدا نەبووە، بەڵکو لە رێگەی جایکاوە هەوڵمانداوە، لە بواری پەیوەندییەکان، ئەزموونەکان پەرەپێبدەین لە بوارەکانی وزە، تەندروستی و حکومڕانی. هەروەها تواناکانی مرۆڤ پەرەپێبدەین، پێمان وایە توانای پەرەپێدانی ژاپۆن هاوکاری کردووە لە دووبارە بونیادنانەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان، هاوکارییەکانیش تەنیا لە چوارچیوەی ناردنی کەرستەدا نەبووە، بەڵکو لەرێگەی جایکاوە هەوڵمانداوە، لە بواری پەیوەندییەکان، ئەزموونەکان پەرەپێبدەین بواری وزە، تەندروستی ، حکومڕانی، تواناکانی مرۆڤ پەرەپێبدەین.

ئەوەشی خستەڕوو: "پێشنیازم کردووە کە کار لەسەر پرسی پەروەردە بکرێت لە هەرێمی کوردستان، چونکە ئێمە ئامادەین بە خێرایی کار لەو بوارەدا بکەین، لە ماوەی رابردوودا سەردانی زۆرینەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانم کردووە، ئەو شوێنانەی سەردانم کردوون هەستم بە متمانەیەکی زۆرکردووە لەلایەن خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە، بە بەرهەمە ژاپۆنییەکان کە ئەمەیش دڵخۆشی کردووین".

باڵیۆزی ژاپۆن، باسی لەوەشکرد: "هەر کەسێک لە کوردستان سەردانی ژاپۆن بکات و پرۆسەی خوێندنی ئەو وڵاتە ببینێت متمانەی زیاتر بە ژاپۆن دەبێت، هەر یەکێک لە ئێوە متمانەتان بە ژاپۆن هەیە، ئێمەش متمانەمان بە پەیوەندی دوولایەنی هەرێمی کوردستان هەیە، ئەوانەی لە جایکا دەرچوون دەبنە هۆی بەهێزکردنی پەیوەندی هەرێمی کوردستان و ژاپۆن لە داهاتوودا.

باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق دڵنیاییدا لەوەی کە بەردەوام دەبێت لە هاوکاری کردنی هەرێمی کوردستان و پشتیوانیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان وەک خەڵکی راستەقینە.