لە حاڵەتێکی نامۆدا دوو چیلکەدار لەناو سەری پیاوێک دۆزرانەوە

K24 - هەولێر

پیاوێکی ڤێتنامی دوای چەند مانگێک لە ناڵاندنی بەدەست ئازاری سەرئێشە و لەدەستدانی بینایی چاوەکانی، پزیشکەکان چیلکەداریان لە کەللـەسەریدا دۆزییەوە.

ئەو کەسە کە ناسنامەی ئاشکرا نەکراوە، دانیشتووی شاری دۆنگە لە ویلایەتی کوانگ بین لە ڤێتنام، دوای ئەوەی بەدەست سەرئێشەی بەردەوام و کزبوونی چاوەکانی و دەردانی شلە لە لووتیدا دەیناڵاند، کە سەردانی نەخۆشخانە دەکات لەلایەن پزیشکەکانەوە بڕیاردراوە لە نەخۆشخانەی کوبانگ بخەوێنرێت.

دوای ئەنجامدانی پشکنینی تیشکی (سی تی سکان) بۆی، دەرکەوت کە گرژبوون لەناو سەریدا هەیە، لە پشکنینەکەدا دەرکەوت، دوو چیلکەدار کە لە لوتیەوە دەردەکەون، بە ئاراستەی مێشکی درێژبوونەتەوە.

پزیشکەکان بەوپەڕی سەرسوڕمانەوە سەبارەت بە چۆنییەتی چوونی ئەو چیلکەدارانە بۆناو سەری پرسیارییان لە پیاوەکە کرد، بەڵام ئەو هیچ هۆکارێکی بۆ پزیشکەکان باس نەکردووە.

پزیشکانی نەخۆشخانەی کوبانگ رایانگەیاند، پیاوەکە دوو چیلکەدار لەناو کەللـەسەریدا بووە و ئەو حاڵەتەش زۆر سەیر و نامۆبووە لایان، گوتیشیان، مانەوەی ئەو کەسە لە ژیاندا بۆ ئەو ماوە زۆرە بەبوونی ئەو چیلکەدارانە لە سەریدا، خۆی لە خۆیدا وەک موعجیزە وایە.

دوای چەند کاتژمێرێک لە ژێر چاودێری پزیشکیدا لە نەخۆشخانەدا، پزیشکەکان بڕیار دەدەن نەشتەرگەری بۆ پیاوەکە بکەن، دوای نەشتەرگەرییەکی ورد و ماندوکەر، توانییان بە سەرکەوتووی دوو چیلکەدارەکە لە کەللـەسەریدا دەربهێنن و پیاوەکە بە سەلامەتی لە ژووری نەشتەرگەری هێنرایە دەرەوە.

بە گوتەی سەرۆکی بەشی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی کوبانگ، د. نگوین ڤان مان، هەڵبژاردنی شێوازی نەشتەرگەری ورد زۆر گرنگ بوو، بۆ ئەوەی کەسەکە بپارێزرێت لە هەر کاریگەرییەکی نەرێنی تەندروستی لە داهاتوودا.