هێمن میرانی: 17 هەزار هاووڵاتی چەکی بێ مۆڵەتیان تۆمارکردووە

لێدوانی رۆژنامەوانی هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
لێدوانی رۆژنامەوانی هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ رایدەگەیەنێت، 17 هەزار هاووڵاتی چەکە بێ مۆڵەتەکانیان تۆمارکردووە. لەبارەی نرخی پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنیش، دەڵێت، "حکومەتی فیدراڵی نرخەکەی دیاریکردووە و ناتوانین کەمی بکەینەوە".

ئەمڕۆ سێشەممە، 28-11-2023، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت و نرخی پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنی وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.

نرخی پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنی

دوای ئەوەی لە بەغدا وەک یەکەم شار لە ئاستی عێراق دەست بە دەرهێنانی پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنیی کرا، رۆژی دووشەممە، 16-07-2023، لە هەولێر وەک دووەم شار لەسەر ئاستی عێراق و یەکەم شار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دەست بە دەرهێنانی پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنی کرا. هەروەها رۆژی 06-11-2023، یەکەم پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنی لە دهۆک دەرهێندرا و بە کوڕە شەهیدێک درا.

وەکو ئەوەی هێمن میرانی باسی دەکات، "نرخی پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە سەرپەرشتیی دەکرێت، نرخەکە لەوێ دەستنیشانکراوە و ئێمە ناتوانین کەم و زیادی بکەین".

تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت

لەبارەی ئەو هاووڵاتییانەی تاوەکو ئێستا چەکە بێ مۆڵەتاکانیان لەلای بنکەکانی پۆلیس تۆمارکردووە، هێمن میرانی ئاماژەی بەوە کرد، "تاوەکو ئێستا  17 هەزار هاووڵاتیی چەکە بێ مۆڵەتەکانیان تۆمارکردووە".

پەرلەمانی کوردستان رۆژی 1ـی ئاداری 2022 یاسای ژمارە دووی چەکی لە هەرێمی کوردستان پەسەندکرد. بەگوێرەی ماددەی 15ـی یاساکە؛ هەر کەسێک بە بێمۆڵەتی دەسەڵاتی مۆڵەتدان، دەستداریی چەکێکی ئاگرین یان تفاقی بکات، هەڵیبگرێت، بیفرۆشێت، چاکیبکاتەوە یان دەستاودەستی پێوە بکات، ئەوا بەبەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، و بە پێبژاردنێک کە لە (2.000.000) دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (5.000.000) پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ئەوەی خستەڕوو، "ئێستا ئەو هاووڵاتییەی بیەوێت چەکەکەی تۆماربکات، دەتوانێت سەردانی بنەکەکانی پۆلیس لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکانی هەرێمی کوردستان بکات و بۆی تۆماردەکرێت".

رۆژی یەکشەممە 30-07-2023، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "بۆ ئەو هاووڵاتییانەی هێشتا چەکی تۆمار نەکراویان لە ماڵەکانیان هەیە و مەبەستیانە ئەو چەکە بکەنە فەرمی و خۆیان لە لێپرسینەوەی یاسایی بپارێزن، بە گوێرەی ماددەی 12، بڕگەی یەکەم لە یاسای چەک ژمارە 2ی ساڵی 2022، لە دوای بەرکاربوونی یاسای چەک، دوو مانگ مۆڵەت بۆ هاووڵاتیان هەیە کە خۆیان هەواڵ بدەن لە هەبوونی چەکی بێ مۆڵەت و داوای مۆڵەت بکەن تا لە سزا ببووردرێن."