وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە

ژمارەیەک جۆری چەکی بێ مۆڵەت
ژمارەیەک جۆری چەکی بێ مۆڵەت

K24 - هەولێر

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەرکەسێک لە ماوەی (60) ڕۆژ لە دوای بەرکاربوونی یاسای هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، "هەواڵ بدات لەسەر دەستداریی چەکێکی بێ مۆڵەت، لە سزا دەبوردرێت، و دەسەڵاتی مۆڵەتدان دەتوانێت بە پێی حوکمەکانی ئەم یاسایە مۆڵەتی پێ بدات."

ئەمڕۆ یەکشەممە 30ـی تەممووزی 2023، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت بڵاوکردەوە و لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بۆ ئەو هاووڵاتییانەی هێشتا چەکی تۆمار نەکراویان لە ماڵەکانیان هەیە و مەبەستیانە ئەو چەکە بکەنە فەرمی و خۆیان لە لێپرسینەوەی یاسایی بپارێزن، بە گوێرەی ماددەی 12، بڕگەی یەکەم لە یاسای چەک ژمارە 2ی ساڵی 2022، لە دوای بەرکاربوونی یاسای چەک، دوو مانگ مۆڵەت بۆ هاووڵاتیان هەیە کە خۆیان هەواڵ بدەن لە هەبوونی چەکی بێ مۆڵەت و داوای مۆڵەت بکەن تا لە سزا ببووردرێن."

وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە داوە، "لە ماوەی ساڵی ڕابردوو، لە رێی کردنەوەی 90 بنکەی تۆمارکردنی چەکی ئاگرینەوە، بنکەکانی پۆلیس زیاتر لە 17 هەزار چەکی هاووڵاتیانیان تۆمار کردووە و پسپولەی تۆماریان بە هاووڵاتی داوە، لە 22ی تەموزی 2023، یاسای چەک ژمارە 2ی ساڵی 2022 کەوتووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە."

دەقی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان

دوای ئەوەی لە ماوەی ساڵی ڕابردوو، لە رێی کردنەوەی 90 بنکەی تۆمارکردنی چەکی ئاگرینەوە، بنکەکانی پۆلیس زیاتر لە 17 هەزار چەکی هاووڵاتیانیان تۆمار کردووە و پسپولەی تۆماریان بە هاووڵاتی داوە، لە 22ی تەموزی 2023، یاسای چەک ژمارە 2ی ساڵی 2022 کەوتووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

بۆ ئەو هاووڵاتیانەی هێشتا چەکی تۆمار نەکراویان لە ماڵەکانیان هەیە و مەبەستیانە ئەو چەکە بکەنە فەرمی و خۆیان لە لێپرسینەوەی یاسایی بپارێزن، بە گوێرەی ماددەی 12، بڕگەی یەکەم لە یاسای چەک ژمارە 2ی ساڵی 2022، لە دوای بەرکاربوونی یاسای چەک، دوو مانگ مۆڵەت بۆ هاووڵاتیان هەیە کە خۆیان هەواڵ بدەن لە هەبوونی چەکی بێ مۆڵەت و داوای مۆڵەت بکەن تا لە سزا ببووردرێن.
لە دەقی بڕگەی یەکەم لە ماددەی 12ی یاسای چەک هاتووە:

"هەرکەسێک لە ماوەی (60) شەست ڕۆژ لە دوای بەرکاربوونی ئەم یاسایە، هەواڵ بدات لەسەر دەستداریی چەکێکی بێ مۆڵەت، لە سزا دەبوردرێت، و دەسەڵاتی مۆڵەتدان دەتوانێت بە پێی حوکمەکانی ئەم یاسایە مۆڵەتی پێ بدات".

لە ئێستادا هاوڵاتیان، ئەوانەی چەکەکانیان تۆمار نەکردووە و مۆڵەتی دەستداری یان هەڵگرتنی چەکیان نیە، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ناوخۆ لە دیوانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) یان لە دیوانی ئیدارە سەربەخۆکانی (گەرمیان، ڕاپەڕین، سۆران یان زاخۆ) بکەن و داوای مۆڵەت بکەن بۆ دەستداری یان بۆ هەڵگرتنی چەک بۆ ئەوەی سوود لەو دەرفەتە وەربگرن.

لەگەڵ پێشکەشکردنی داواکاری وەرگرتنی مۆڵەتی دەستداری یان مۆڵەتی چەک هەڵگرتن، تا وەڵامی داواکارییەکەی دەگرێتەوە، چەکەکەی وەکو چەکێکی ناسراو دەناسرێت و مامەڵەی چەکی قاچاغی لەگەڵ ناکرێت.

بۆ زانیاری هاووڵاتیان، بە گوێرەی ماددەی (4) بڕگەی یەکەم لە یاسای چەک ژمارە 2ی ساڵی 2022، هاووڵاتیان دەتوانن بۆ دوو جۆر مۆڵەت داواکاری پێشکەش بکەن:

یەکەم: مۆڵەتی دەستداریی چەکی ئاگرین و تفاقی: واتا ئەو هاووڵاتیە داوا دەکات کە مۆڵەت وەرگرێت چەکێکی ئاگرینی هەبێت لە ماڵەوە (کلاشینکۆف یان دەمانچە یان هەردووکی) و مۆڵەتەکەی بە گوێرەی یاسای چەک بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێت. ئەم مۆڵەتە تەنیا بۆ هەبوونی چەکە بە شێوەی یاسایی لە ماڵەوە و مافی ئەوە نادات بە هاووڵاتی تا چەکەکە هەڵبگرێت و بیهێنێتە دەرەوە.

دووەم: مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکی ئاگرین و تفاقی: ئەم مۆڵەتە بۆ هەبوون و هەڵگرتنی چەکە و بۆ یەک ساڵ سوودی لێ وەردەگیرێ و دەکرێت نوێ بکرێتەوە.

داوا لە هاووڵاتیانی ئازیز دەکەین کە سوود لەو 60 رۆژە وەربگرن و ئەوانەی چەکەکانیان تۆمار نەکردووە، دەتوانن سەردانی ئەو بەڕێوەبەرایەتیانەی لە سەرەوە ناویان هاتووە بکەن، بۆ ئەوەی بە فەرمی داوای مۆڵەتی دەستداری یان هەڵگرتنی چەک بکەن.

هەروەها داوا لە هاووڵاتیان دەکەین کە خۆیان لە هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت بپارێزن چونکە دەسەڵات دراوەتە پۆلیس و ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانی دیکە کە لە هەبوونی زانیاری دەربارەی چەکی بێ مۆڵەت، ڕێوشوێنی پێویست بگرنە بەر و لەگەڵ دەستبەسەر کردنی هەر پارچە چەکێکی بێ مۆڵەت، هەڵگرەکەی بەگوێرەی ماددەی 15 لە یاسای چەک ژمارە 2ی ساڵی 2022 دەدرێتە دادگا و سزای بەندکردن و پێبژاردنی دارایی دەدرێت.