رووسەکان کەرتی گەشتیاری وڵاتەکەیان دەبوژێننەوە

پشتیوانیکردن لە کەرتی گەشتیاری وەک ئەرکێکی نیشتمانی دەزانن
kurdistan24.net

K24 - مۆسکۆ

بەهۆی ئەو بارودۆخەی رووسیا تێیکەوتووە، ئێستا زۆرینەی گەشتیارە رووسەکان لە ناوخۆی وڵاتەکەیاندا گەشت دەکەن و ناچنە وڵاتانی دیکە، گەشتیارە رووسەکان دەڵێن: جگە لەوەی خەرجی خواردن و شوێنی مانەوە هەرزانترە، بەڵام لەسەر مرۆڤ پێویستە  نیشتمانی خۆمان خۆشبوێت و سەردانی ناوچە جیاجیاکانی بکات.

سڤێتلانا، هاووڵاتییەکی رووسە و لەناو خۆی وڵاتەکەی گەشتی کردووە، بە کوردستان24ی گوت: "گەشتی ئەمساڵم لە ڤڵادیڤاستۆک بەسەر برد، لەوێ زۆرێک لە شوێنە گەشتیاری و مێژووییەکان گەڕام، کەش و هەوای ناوچەکە زۆر سەرنجی راکێشام، پاشان خەرجی خواردن و شوێنی مانەوە گران نەبوو، بە بەراورد بە وڵاتانی دەرەوە، بە بڕوای من، کەسێک نیشتمانی خۆی خۆشبوێت دەبێت سەردانی ناوچە جیاجیاکانی بکات و ئاشنایان بێت، ڤلادیڤەستۆک زیاتر لە 8  کاتژمێر بە فڕۆکە لە مۆسکۆوە دوورە، جیاوازی زۆرە لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی رووسیا، ناوچەکە تایبەتمەندی خۆی هەیە و سەرنجی گەشتیار و رێبواران رادەکێشێت".

هاووڵاتییەکی دیکەی رووس بەناوی تاتیانا، دەڵێت: "من زیاتر لایەنگری ئەوەم بۆ پشوو بە ناوچە جیاوازەکانی رووسیادا گەشت بکەین، خۆم بۆ گەشتی هاوینە چووم بۆ تیومێن، ئەوێ ئاوی کانزایی گەرمی لێیە و سەرنج راکێشە، بەفر ناوچەکەی تەنیوە، بەڵام لە سەرچاوە کانزاییەکانەوە هەڵم هەڵدەکشێ و بەرزدەبێتەوە، گەشتیاری لە ناوخۆدا نە تەنها ھەڵوێستێكی نیشتمانییە، بەڵکو ئاشنایەتییە بە خاک و سرووشتی نیشتمانەکەت".

لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا، ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی رووسیا، لە بری گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات، سەردانی ناوچە جیاجیاکانی رووسییایان کردووە و کاتی پشووی خۆیان لە ناوخۆی وڵاتدا بەسەر بردووە، شارەزایانیش لەو وڵاتە پێیان وایە کە ئەو دیاردەیە لە بوژانەوەی ئابووری وڵاتەکەیاندا رۆڵی دەبێت. 

 ئێلێنا زلێنکە، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی شارەزایان لە ئەنجومەنی فێدراڵی روووسیا بە کوردستان24ی راگەیاند: "کەرتی گەشتیاری لە زۆر وڵاتانی جیهاندا سەرچاوەی سەرەکی داهاتە، رووسیا لە سەرەتای گەشەسەندندایە، ئێستا نزیکەی لە سەدا 5-7 لەو کەرتەوە دەڕژێتە بودجەی گشتییەوە، بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئەمساڵ کەرتی گەشتیاری بە رێژەی 30% گەشەی کردووە، واتە نزیک بە 5 ملیۆن گەشتیار کاتی خۆیان لە وڵاتەکەدا بەسەر بردووە. کەرتی گەشتیاری بەشدارە لە گەشەی ئابووریدا، چونکە لەگەڵ هاتنی گەشتیار، بازرگانی و خزمەتگوزاری و رێگاوبان دەبوژێنەوە، بەرهەمی خۆماڵی و کاری دەستی گەشە دەکات".

ئەو رەوشەی بەهۆی جەنگی نێوان رووسیا – ئۆکرانیا هاتووەتە کایەوە، هاوشێوەی بەشێکی زۆری کەرتەکانی تر، کەرتی گەشتوگوزاری رووسیای بوژاندووەتەوە و قازانجێکی بەرچاویشی خستووەتە خەزێنەی دەوڵەتەوە.