کۆڵۆنێڵ گاجێڕۆ بۆ وەزیری پێشمەرگە: دڵخۆشین بە گەڕانەوەت

K24 – هەولێر:

هەریەک لە بەرپرسی راوێژکارانی باڵای سەربازی هاوپەیمانان لەهەرێمی كوردستان و بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگی ئاسایشی ئەمه‌ریکا لە کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەولێر، ستایشی گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگە دەکەن و راشیدەگەینن، بۆ بەردەوامیدان بە پڕۆسەی چاکسازی وه‌زاره‌تی پێشمەرگە و دروستکردنی هێزیکی نیشتمانیی تۆکمە، هیوای زۆریان بەوەزیری پێشمەرگە هەیە، لەمڕووەشەوە، پاڵپشتیی و هاوکارییەکانی خۆیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتکردەوە.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 28ی تشرینی دووەمی 2023، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە ژەنەڕاڵ مەکنێنزی بەرپرسی تیمی راوێژکارانی باڵای سەربازی هاوپەیمانان  و کۆڵۆنێل مایکڵ گاجیرۆ بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگی ئاسایشی کونسوڵخانەی ئەمه‌ریکا لە هەرێمی کوردستان.

لە کۆبوونەوەیەكدا، کە بەڕێوەبەری هەماهەنگیی و پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە تێدا ئامادەبوو. وەزیری پێشمەرگە ستایشی هەوڵەکانی هاوپەیمانان و ئەمه‌ریکای کرد لە بەرامبەر پاڵپشتی و پشتیوانیەکانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە لە پێناو سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا.

هەروەها ڕایگەیاند، هیواخوازم پەیوەندییەکانمان بەرەو باشتر هەنگاو بنێت، دۆخی ئێستای ناوچەکە پێویستی بەکاری پێکەوەیی هەیە، بۆ رووبەڕوبونەوەی پێشهات و مەترسییەکان.

لە بەشێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکە، ژەنەڕاڵ مەکێنزی هیوایخواست قۆناغێکی نوێی کارکردنی هاوبەشی دوور مەودا لە وەزارەتی پێشمەرگە بێتە ئاراوە، کە هەمووان پێکەوە بتوانن پڕۆسەی چاکسازی زیاتر پەرە پێبدەن.  هەروەها ستایشی هەوڵەکانی رابردووی وەزیری پێشمەرگەی کرد لە پڕۆسەی رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە.

لەلای خۆشیەوە کۆڵۆنێل گاجیرۆ بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگی ئاسایش لە کونسوڵخانەی ئەمه‌ریکا لە هەولێر دڵخۆشی واشنتۆنی لە گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگە بۆ ئەرکەکەی راگەیاند و گوتیشی: ئومێد دەخوازین وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوی گەورە و گرنگ بنێت لە پڕۆسەی چاکسازی و جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی (کارنامەی لێکتێگەیشتن)ی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمه‌ریکا و وەزارەتی پێشمەرگە.

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای زیاتر لە ساڵێک دابڕان و دوورکەوتنەوە، بەیانیی دوێنێ دووشەممە، 27-11-2023، لە رێوڕەسمێکدا  گەڕایەوە سەر کارەکەی لە وەزارەتی پێشمەرگە.

67