مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ دابەشدەکرێت

مامۆستایەکی وانەبێژ لەکاتی وانەووتنەوە - وێنە: ئەرشیف
مامۆستایەکی وانەبێژ لەکاتی وانەووتنەوە - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ بەردەوامە و بڕیارە سبەی چوارشەممە، لە سنووری پەروەردەی کۆیە، مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ دابەشبکرێت.

بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کۆیە بڵاویکردووەتەوە، "ئاگاداری مامۆستایانی وانەبێژی سنووری پەروەردەی کۆیە دەکەینەوە، سبەی چوارشەممە 29/11/2023، کاتژمێر 9ـی بەیانی سەردانی پەروەردەی کۆیە بکەن بەمەبەستی وەرگرتنی مووچەکانیان".

رۆژی (16ـی تشرینی دووەمی 2023) ئەحمەد گەرمیانی، سکرتێری یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێكی داوە بۆ ئەوەی مووچە لە کاتی خۆی دابەشبکرێت و مامۆستایانی وانەبێژیش مانگەکانی تەممووز و ئاب نیو مووچەیان وەرگرتووە، لە رۆژی (19ـی تشرینی دووەمی 2023)ـەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول دەکرێت.

نزیکەی 35 هەزار و 550 وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان هەن. مانگانه‌ 13 ملیار و 200 دینار وەکو شایستەی دارایی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆیان تەرخانکراوە. مووچەی ئەو وانەبێژانەی بڕوانامەی بەکالۆرۆیسیان هەیە، 400 هەزار دینارە و و ئەوانەی بڕوانامەی دبلۆمیشیان هەیە، 350 هەزار دینارە.