فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ: پێویسته‌ هه‌رێمی كوردستان پشت به‌ ئابووری كه‌رتی تایبه‌ت ببه‌ستێت

فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن له‌ عێراق
فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن له‌ عێراق

K24 – هەولێر:

باڵیۆزی ژاپۆن له‌ عێراق تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ مێژوویی، هه‌نووكه‌یی و ئایینده‌ییه‌كانی نێوان وڵاته‌كه‌ی و كورد و هه‌رێمی كوردستان. هاوكات سه‌رنج ده‌خاته‌ سه‌ر ئابووری هه‌رێمی كوردستان و پێی وایه‌ ده‌بێت پشتبه‌ستنی هه‌رێمی كوردستان بۆ له‌مه‌ودوا به‌ كه‌رتی تایبه‌ت بێت و شۆڕشێك له‌ بیركردنه‌وه‌ی كلاسیكی گشتیدا بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ سیسته‌می نوێی جیهانی بگونجێنێت.

ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 28ـی تشرینی دووه‌می 2023) فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن له‌ عێراق تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، چەندین ساڵە چاودێری دۆخی کوردستان دەکات، به‌وپێیه‌ی یەکێکه‌ لەو کەسە شارەزایانەی لە وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن لەسەر ئەم ناوچەیە کار دەکات.

ماتسۆمۆتۆ سه‌رنج بۆ ئه‌زموونی ئێستای هه‌رێمی كوردستان راده‌كێشێت و ده‌ڵێت "ئێوە رێگەیەکی دوورتان بڕیوە، چونکە 30 بۆ 40 ساڵ لەمەوبەر ئێوە هیچتان نەبوو، به‌شێوه‌یه‌ك سەرکوت دەکران و ئازادیتان نەبوو. دوای ئەو 30 ساڵە، ئێستا خۆشگوزەرانیتان هەیە، سەقامگیریتان هەیە. بەدڵنیاییەوە هەندێک کێشەتان هەیە، بەڵام بەدڵنیاییەوە خەڵکی لێرە، بەتایبەتی سەرکردایەتی دەزانن چۆن ئەو کێشانە چارەسەر بکەن و منیش زۆر پشتیوانم."

ناوبراو هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر سه‌ردانی هه‌ڵه‌بجه‌ی كردووه‌ و سەری سوڕماوه‌ بەو لێکچوونەی خەڵکی هەڵەبجە پەیوەست بە هێرۆشیما و ناکازاکی. پێیشی وایە دەبێ هه‌ردوولا مێژووی خۆیان له‌بیر بێت به‌تایبه‌ت  ئەو‌ تراژیدیایهی‌ بەسەریاندا هاتووه‌، بۆیە ئەوە نابێت دووبارە بێتەوە. ئەمە جۆرێکە لە وانەی مێژوویی. دەبێ خەڵکی ژاپۆن و کوردستان لەم وانە مێژوویی و تراژیدیانەوە فێربن.

باڵیۆزی ژاپۆن له‌ عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، رێکخراوێکی ناحکومی ژاپۆنی بەناوی ئای ڤی، زیاتر لە 30 قوتابخانەی له‌ هه‌رێمی كوردستان دروستکردووە، بەتایبەتی لە دەورووبەری هەولێر، زۆربەیان بۆ منداڵی ئەو ئاوارانە دروستکراون لە نەینەواوە هاتوون، دوای ئەوەی داعش ناوچەکانیانی داگیر کرد.

هاوكات باسی له‌وه‌ كرد، ساڵانە کورسی خوێندنی تەرخانکراویان هەیە لەلایەن حکومەتی ژاپۆنەوە بۆ قوتابیانی عێراق بەگشتی و لەناویشیاندا بۆ قوتابیانی کوردستان، بەڵام ژمارەکە زۆر سنووردارە. گوتیشی، ئێستا چوار کورسی هەیە، بەڵام ساڵانە بەلایەنی کەمەوە قوتابیەک دەتوانێت بچێتە ژاپۆن و بخوێنێت، ئینجا خوێندنی ماستەر بێت یان دکتۆرا. لە 10 ساڵی رابردوو، دەتوانم بڵێم نزیکەی 50 قوتابی عێراقی چوونەتە ژاپۆن، بەدڵنیاییەوە ئەوە بەس نیە، "بۆیە زۆرم پێخۆشە ببینم قوتابی زیاتری کورد بێنە ژاپۆن."

سه‌باره‌ت به‌ بواری كشتوكاڵ و ئاودێرییه‌وه‌ ناوبراو گوتیشی، ئەمساڵ وێستگەی هایدرۆکارەبایی دێرەلووکیان دروستکردووه‌، كه‌ وێستگەیەکی گەورەی کارەبایە  و ئێستاش لە راوێژدان لەگەڵ هەولێر و بەغدا بۆ تەرخانکردنی پارە بۆ پرۆژەی ئاوی پیسی هەولێر، ئەمەش بەهەمانشێوە پرۆژەیەکی گەورەیە، ئێوەش کێشەی چارەسەری ئاوی پیستان هەیە بەدیاریکراوی، ئێمە دەمانەوێت پارەی بۆ تەرخان بکەین، بەڵام ئێوە پێویستە بوودجەتان لە بەغدا وەربگرن، ئەمە پرسیارەکەیە، من داوا لە سەرکردایەتی ئێوە دەکەم گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکات لەسەر ئەمە.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، زۆر کاریان کردووە لە هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجەش بۆ دابینکردنی ئاو. له‌و باره‌یه‌وه‌ گوتیشی "دەمانەوێت شارەزای بواری کشتوکاڵ بهێنین بۆ سەنتەری لێکۆڵینەوەی کشتوکاڵی کوردستان لە هەولێر بۆئەوەی بزانێت چ جۆرە بەرهەمێکی کشتوکاڵی گونجاوە بۆ هەناردەکردن لە کوردستانەوە بۆ دەرەوە."

فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ سه‌باره‌ت به‌ سه‌رچاوه‌ی دارایی و داهاتی هه‌رێمی كوردستان گوتی، سەرەکیترین ئامانجی ستراتیژی بۆ کوردستان و لەوانەیە بۆ عێراقیش ئەوەیە، چۆن بتوانن لە ئابوورییەک کە کەرتی گشتی پشت بەستووە بە نەوت، بۆ ئابوورییەک بگۆڕدرێت كه‌ پشتی بە کەرتی تایبەت ببەستبێت.

باڵیۆزی ژاپۆن له‌ عێراق ده‌شڵێت "ئێوە پێویستتان بە شارەزایی و زانیارییەکی زۆر هەیە بۆئەوەی ئەم سیستەمە ئابوورییە بگۆڕن بۆ سیستمێکی نوێ. بۆئەوەی بگەن بەوە، پێموابێت گرنگە تێگەیشتن و دنیابینی خەڵکی بگۆڕن، چونکە ئێستا هەمووان وابیردەکەنەوە کە حکومەت کاریان پێدەدات. هیچ پارەیەکیش نادەن لە بەرامبەر خزمەتگوزارییە گشتیەکان، بەڵام لە راستیدا لە ژاپۆن کە ئێمەی لێدەژین، تۆ پارەی خرمەتگوزارییە گشتیەکان دەدەی، لەرێگەی کارکردنێکی زۆرەوە پارەی خۆتت دەستدەکەوێت، بەلایەنی کەمەوە رۆژانە دەبێت هەشت کاتژمێر کار بکەیت. بۆئەوەی ئەم گۆڕانکارییە بکەن، پێویستە خەڵکی بیرکردنەوە و تێگەیشتنی بگۆڕدرێت. دەبێ بەشێوەیەکی زۆر کاریگەر و رێکخراو کاربکەن، بۆئەوەی بەها بدەنە ئیشەکەتان و ئابووری وڵاتەکەتان. ئەمەش پێویستی بە جۆرێک لە شۆڕش هەیە لەبیرکردنەوەتاندا."