بەرپرسێكی گۆڕان ھۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی ئاشكرا دەكات

هەرگیز خۆم كاندید نەكردووە لە پەنای ئەو بزووتنەوەیە وە نە ئەو داوایەشم كردووە لێیان بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق یا كوردستان یا ئەنجوومەنی پارێزگاكان

K24 - ھەولێر

ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان ھۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی ئاشكرا دەكات و رایگەیاند: "دوای خوێندنەوەو تێرامانێكی زۆری دۆخی بزوتنەوەكە و میكانیزمی كاری ناوخۆیی و بەرنامە و سیاسەتی بزوتنەوەكە لە سەر ئاستی هەرێم و عێراق و ناوچەكە ئەو بڕمدا دەستلەكار بكێشمەوە".

ئەو بەرپرسە دەست لەكاركێشاوەی گۆڕان دەڵێ: "تەنها بڕواو قەناعەتی خۆشم پاڵنەرم بووە لەوەرگرتنی ئەو هەڵوێستە شەخسیە و ئاشكراكردنی بەدەر لە كاریگەری وهاندانی هیچ كەس و لایەنێك، نە موزایەدە بە هەڵوێستەكەمەوە دەكەم ونە قبوڵیشمە كەس موزایەدە بە هەڵوێستەكانمەوە بكات".

لە بەشێكی دیكەی روونكردنەوەكەدا شۆڕش حەسەن دەڵێ: "من هەرگیز خۆم كاندید نەكردووە لە پەنای ئەو بزووتنەوەیە وە نە ئەو داوایەشم كردووە لێیان بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق یا كوردستان یا ئەنجوومەنی پارێزگاكان، كە تائێستا پێنج هەڵبژاردن كراوە بۆ ئەو پۆستانە، لە كاتێكدا ئێمە لەزۆرێك لەو برادەرانەی بۆ ئەو پۆستانە خۆیان كاندیدكردبوو شیاوتربووین وشانسی دەرچونیشمان زیاتر بوو".

 

دەقی نووسینەكە:

روونكردنەوەیەك لەپەراوێزی دەست لەكاركێشانەوەكەم لە بزووتنەوەی گۆران

) لە وڵاتانی وەك ئێمە زۆر ماوە تا بەشێوەیەكی سروشت وتەندروست مامەڵە لەگەڵ پرسە دیموكراسیەكان بكەین، ئەو كێشانەی ئەمرۆش لەو وڵاتانە دەگوزەرێ‌ لێرەوە سەرچاوە دەگرن).

لەو پرسانەش پرسی ئازادی ئینتماكردنە بۆ حیزب و بزووتنەوەی سیاسی ودەست لەكاركێشانەوەیە تیایاندا، وەك مافێكی سیاسی مرۆڤ كە لە دەستور و یاسای زۆرینەی وڵاتان بریاری لێدراوە بە عێراق و هەرێمی كوردستانیشەوە.

خودی حزبی سیاسی وەسیلەیەكە بۆ كاركردن لەپێناو هێنانەدی ئامانجی دیاریكراو لەسایەیدا، بۆیەش دیاردەی فرەحیزبی دیاردەیەكی تەندروست وسروشتیە لەوڵاتانی دیموكراسی.

كەواتە چونە ناو حیزبێكی سیاسی و بەجێهێشتنی پابەندە بە بڕوا و قەناعەتی كەسەكە بە ئامانج و بەرنامەی كاری ئەو حیزبە.

ئێمەش لەو روانگەوە پشتیوانی خۆمان دەربری بۆ بزووتنەوەی گۆران لە سەرەتای دروست بونیەوە و ئێستاش دەست لەكاركێشانەوەی خۆمان راگەیاند وەك هەڵوێستێكی هەڵقوڵاو لە برواو دیدو بۆچوونمان دەربارەی ئەو بزووتنەوەیە  و ئاستی پابەندبوونی بەبەرنامە و دروشمەكانی.

ئێمە ئامادەنەبووین لێدوانی زیاتر بدەین لەسەر ئەوەی كە لەیاداشتی دەست لەكاركێشانەوەكەمان خرابووەروو، وە ئەوە وەڵامی من بووە بۆ هەموو كەناڵەكانی راگەیاندن ( بیستراو، بینراو، خوێندراو) ئەوانەی پەیوەندیان پێوەكردین ودەیانویست ئێمە راكێشنە ناو باسكردنی ووردەكاری ناپێویست بەوەرگرتنی لێدوان لێمان، بۆیە لێرەدا داوای لێبوردن لەو كەناڵانە دەكەم بەتایبەتی ئەوانەی كە وەڵامی پەیوەندیەكانیانم نەداونەتەوە لەبەر ئەو هۆیەی كە باسمان كرد، هەر لێدوان وقسەیەك بەناوی منەوە كرابێت لە كەناڵێكی میدیایی من لێی بێبەریم جگە لە رادێۆی (سەوا) نەبێت كە تەنها پوختەی ناوەرۆكی یاداشتی دەست لەكاركێشانەوەكەم بۆ وەرگێراونەتە سەر زمانی عەرەبی.

ئیتر هەر كەس ولایەنێك خۆی بەرپرسیارە لەسەر هەر قسەو بۆچونێك دەربارەی دەستلەكاركێشانەوەكەم دەریبریبێ‌، بەهیچ شێوەیەك بەرپرسیارێتی رەفتاری كەسانی دیكە هەڵناگرم.

بۆیە ئێستا كە نزیكی (10) رۆژێك بەسەر ئەو بابەتە دا رۆییوە، بەپێویستی دەزانم وەك مافێكی سروشتی خۆم تەنها چەند راستیەك بخەمە روو.

1-من هەرگیز خۆم كاندید نەكردووە لە پەنای ئەو بزووتنەوەیە وە نە ئەو داوایەشم كردوە لێیان بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق یا كوردستان یا ئەنجومەنی پارێزگاكان، كە تائێستا پێنج هەڵبژاردن كراوە بۆ ئەو پۆستانە، لە كاتێكدا ئێمە لەزۆرێك لەو برادەرانەی بۆ ئەو پۆستانە خۆیان كاندیدكردبوو شیاوتربووین وشانسی دەرچونیشمان زیاتر بوو.

  1. من هەرگیز داوای پۆست وپایەی حكومی و ئیداریم نەكردووە لەو بزووتنەوەیە نە بەزارەكی وە نەبەفەرمی.
  2. من رۆژێك داوای پۆستی حیزبیم نەكردووە لە ئۆرگانەكانی ئەو بزووتنەوەیە، بەڵكو بە پێچەوانەوە لەسەرەتای كاری ئەو بزووتنەوەیە تەكلیف كرام لەلایەن خودی رێكخەری گشتیەوە بۆ سەركردایەتی ئەو بزووتنەوەیە وەك بەرپرسی ژووری یاسایی بزووتنەوەكە، بەڵام من رازی نەبووم، دواتر كە بۆ ئەندامی جڤاتی گشتی دەستنیشان كرام، بەو ئەندامێتیە رازیبوم، بەردوام بووم لە خەباتی نێو ریزەكانی بزوتنەوەی گۆڕان.

ئەگەر ئەو سێ‌ خاڵە زیادەرۆییان تیایەو ناراستن با هاورێكانم لە بزووتنەوەی گۆران پێچەوانەكەی بیسەلمێنن

  1. من مامۆستای زانكۆم و ئەو پلە زانستیەشم بە هەوڵ وشەونخونی بەدەست هێناوە و فەزلی خوا ومامۆستا بەرێزەكانم وخانەوادەكەم نەبێ‌ هیچ كەسی ترم بەسەرەوە نیە، وە زۆر حەزیشم لە پیشەكەمەو چونكە بەلای منەوە ئەم پیشەیەم گرنگترو پیرۆزترە لەهەر پۆستێكی تری حكومی یا حیزبی، هەرچەندە ئەمرۆ لەسایەی تەدەخولی حیزبیەوە ئەویش وەك هەموو ئیشەكانی تر پڕبووە لە ئالۆزی وناعەدالەتی، بەڵام لەكۆتاییدا پێگەی هەر مامۆستایەكی زانكۆش بە ئاستی زانستی وكەسایەتی خۆیەوە بەندە، ئێمەش لە سایەی خواوە تا ئێستا پێگەی زانستی وكەسایەتی خۆمان پاراستووەو نەبووین بە كۆیلەی هیچ كەس و لایەنێك.

لەكۆتاییدا بەپێویستی دەزانم جەخت بكەمەوە لەوەی كە بریاری دەست لەكاركێشانەوەمان وئاشكراكردنی بۆ رای گشتی بەشێوەیەكی سەرەرۆو بێ‌ لێكدانەوەو ووردبونەوە نەبووە، بەڵكو دوای خوێندنەوەو تێرامانێكی زۆری دۆخی بزووتنەوەكە و میكانیزمی كاری ناوخۆیی و بەرنامەو سیاسەتی بزوتنەوەكە لە سەر ئاستی هەرێم و عێراق و ناوچەكە ئەو بریارەمان داوە، وە تەنها بڕواو قەناعەتی خۆشم پاڵنەرم بووە لەوەرگرتنی ئەو هەڵوێستە شەخسیە و ئاشكراكردنی بەدەر لە كاریگەری وهاندانی هیچ كەس و لایەنێك ، نە موزایەدە بە هەڵوێستەكەمەوە دەكەم ونە قبوڵیشمە كەس موزایەدە بە هەڵوێستەكانمەوە بكات.

ئەمرۆش كوردێكی نیشتمانپەروەری بێلایەنم خەبات دەكەم بۆ كوردستانێكی ئازادو ئارام لە سایەیدا خەون وهیوای هاوڵاتیانی تێدا بێتە دی، دوور و پارێزراو بێت لە مەترسی داگیركاری وپاشكۆیەتی.

ئەو روونكردنەوەیەشم بە پێویست زانی بۆ هەموو كۆمێنت وقسەو قسەڵۆكێك دەربارەمان كراوە، ئەوەی رێز لە هەڵوێستەكەمان دەگرێ‌ ئێمەش ئەو پەری رێزو خۆشەویستیمان بۆی هەیە، ئەوانەی كە تفەنگیشیان بەتاریكییەوە ناوە بەهەمان شێوە رێزم بۆیان هەیەو ماڵیان ئاوا... جارێكی تریش هیوای سەركەوتن بۆ ئەو بزووتنەوەیە دەخوازم و رێزو خۆشەویستیم بۆ هەموو ئەو هاورێیانە هەیە كەبەیەكەوە لەناو ئەو بزووتنەوەیە كارمان كردووەو پەیوەندیەكی دۆستانە لە نێوانمان دروست بووە، وە زۆر سوپاسی هەموو ئەو براوخوشكە بەرێزانە دەكەم لەو ماوەیەدا پەیوەندیان پێوەكردووین و بەسەریان كردینەوە.

 

شۆرش حەسەن عومەر

 3- 8- 2016