فەلاح مستەفا: پشتیوانی خەڵکی کوردستان بۆ گەلی فەڵەستین دووپاتدەکەینەوە

کۆنفرانسی رۆژنامەوانی هاوبەشی فەلاح مستەفا و کونسوڵی گشتیی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان
کۆنفرانسی رۆژنامەوانی هاوبەشی فەلاح مستەفا و کونسوڵی گشتیی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

فەلاح مستەفا هاوسۆزی و پشتیوانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ گەلی فەڵەستین دووپاتدەکاتەوە. کونسوڵی فەڵەستینیش لە هەولێر دەڵێت، "خەڵکی کوردستان رێزێکی زۆری لە گەلی فەڵەستین گرتووە".

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 29-11-2023، شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنی کونسوڵخانەی گشتیی فەڵەستین لە هەولێر، سەردانی کونسوڵخانەکەیان کرد.

فەلاح مستەفا، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ نەزمی حەزووری، کونسوڵی گشتیی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان، هاوسۆزی و پشتیوانی هەرێمی کوردستانی بۆ گەلی فەڵەستین دووپاتکردەوە.  

فەلاح مستەفا گوتی: "لە ساڵیادی کردنەوەی کونسوڵخانەی فەڵەستین، بە نوێنەرایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاتووینەتە کونسوڵخانەی گشتیی فەڵەستین لە هەولێر بۆ ئەوەی هاوسۆزی و پشتیوانی بەردەوامی گەلی کوردستان بۆ گەلی فەڵەستین دووپات بکەینەوە".

وەکو ئەوەی فەلاح مستەفا باسی کرد، "هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە هەموو مافە ڕەواکانی گەلی فەڵەستین دەکات. لەوانەش چارەسەریی دامەزراندنی دوو دەوڵەتی فەڵەستین و ئیسرائیل و رێزگرتن لە هەموو بڕیارە نێودەوڵەتییەکان لەم بارەیەوە".

12 ساڵە کونسوڵخانەی گشتیی فەڵەستین لە هەولێر کراوەتە. فەلاح مستەفا باس لەوە دەکات، " کونسوڵخانەی فەڵەستین لە هەولێر بووەتە پردی پەیوەندیی و هاوپەیمانیی نێوان گەلی کوردستان و گەلی فەڵەستین".

لەلاین خۆیەوە نەزمی حەزووری، کونسوڵی گشتیی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سەرۆک بارزانی و خەڵکی کوردستان رێزێکی زۆریان لە گەلی فەڵەستین گرتووە و هاوسۆزی خۆیان بۆ گەلەکەمان دەربڕیوە. داوا لە هەموو لایەک دەکەین پشتیوانی لە گەلی فەڵەستین بکەن".

ئاگربەستی مرۆیی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە رۆژی 24-11-2023ـەوە بە نێوەندگیری قەتەر، میسر و ئەمەریکا چووە بواری جێبەجێکردنەوە. لەو ماوەیەدا حەماس 81 بارمتە و ئیسرائیلیش 180 دەستگیرکراوی فەڵەستینی ئازاد کردووە.