پارێزگاری دهۆک بەردی بناغەی نۆژەنکردنەوەی رێگەی هەردوو کەمپی کەبەرتوو یەک و دوو دانا

پارێزگاری دهۆک بەردی بناغەی نۆژەنکردنەوەی رێگەی هەردوو کەمپی کەبەرتوو یەک و دوو دانا
پارێزگاری دهۆک بەردی بناغەی نۆژەنکردنەوەی رێگەی هەردوو کەمپی کەبەرتوو یەک و دوو دانا

K24 - هەولێر

رێگەی هەردوو کەمپی کەبەرتوو یەک و دوو دانا لە سنووری سێمێل نۆژەندەکرێنەوە و پارێزگاری دهۆکیش دەڵێت، "حکومەتی فیدراڵی پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر ئاوارەکان جێبەجێنەکردووە".

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 29-11-2023، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بەردی بناغەی نۆژەنکردنەوەی رێگەی هەردوو کەمپی کەبەرتوو یەک و دوو بە درێژایی 7.8 کیلۆمەتر و بە گوژمەی زیاتر لە یەک ملیار و 300 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی گشتیی پارێزگای دهۆک دانا.

هەردوو کەمپی کەبەرتوو یەک و دوو دەکەونە سنووری قەزای سێمێل و ئاوارەکانی شنگال لێیان نیشتەجێن. پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "تا ئاوارەکان بۆ ماوەی یەک رۆژیش لە هەرێمی کوردستان مابن، خوشک و برای ئێمەن، لە ماڵ و وڵاتی خۆیانن و ئێمە خزمەتیان دەکەین. دڵنیاشیان دەکەینەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی تواناکانی پشتیوانییان دەکات".

زیاتر لە 660 هەزار ئاوارە لە هەرێمی کوردستان دەژین، 41%یان لە هەولێرن، 40% لە دهۆک و 19%ـیشیان لە سلێمانین. لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 25 کەمپی ئاوارە و پەنابەران هەن و خەرجی ساڵانەیان زیاتر لە 800 ملیۆن دۆلارە.

عەلی تەتەر گوتی: "هیواخوازین لە زووترین کاتدا حکومەتی عێراق پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە هاووڵاتییانی دەڤەری شنگال جێبەجێ بکات و رێککەوتنی شنگاڵ جێبەجێ بکات، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن بە سەربەرزی بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان".

پارێزگاری دهۆک داوا لە حکومەتی عێراق دەکات بارودۆخی شنگال ئاسایی بکاتەوە و دەڵێت، "زۆر ستەم لە خەڵکی شنگال کراوە، بەتایبەت دوای هێرشەکەی داعش. بەداخەوە لەجیاتی ئەوەی برینەکانیان ساڕێژ بکرێن، تا ئێستا نەیانتوانیوە لە رووی ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە بارودۆخی شنگال ئاسایی بکەنەوە. "

 

 

لە هێرشەکەی رۆژی 3ی ئابی ساڵی 2014ی داعش بۆ سەر شنگال، چیای شنگال تاکە شوێن بوو ئێزدییەکان هانایان بۆ برد بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش. ئەو ئێزدییانەی لە دەست داعش و شەڕەکە هەڵهاتن پەنایان بردە بەر چیای شنگال. بەشێکیان بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەسەر چیاکە مانەوە، بەشێکیشیان لەوێوە خۆیان گەیاندە رۆژئاوای کوردستان و پاشان لەڕێگەی دەروازەی سێمێلکا - پێشابوورەوە گەڕانەوە و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارەبوون و بەشێکیشیان روویانکردە وڵاتانی دەرەوە.

 بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە بۆ سەر شنگال؛ زیاتر لە پێنج هەزار کوردی ئێزدی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون.

هەر بەهۆی هێرشەکەوە زیاتر لە 325 هەزار ئێزدیی ئاوارەبوون. بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی ئێزدییە رفێندراوەکانی سەر بە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کوردی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەروەها 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان بوون و زیاتر لە 100 هەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتان بوون.

هەر بە پێی دوایین ئامار کە لە مانگی حوەزیراندا، لەلایەن نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی بڵاوکراوەتەوە، شەش ھەزار و 417 کوردی ئێزدیی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رفێندراون کە لەو ژمارەیە تا ئێستا،‌ سێ ھەزار و 458 کەسیان رزگارکراون و دوو ھەزار و 693 رفێندراوی دیکەیش ھێشتا بێ سەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە.

دوای هێرشەکانی داعش تاوەکو ئێستا زیاتر لە 85 گۆڕی بەکۆمەڵ و چەندین گۆڕی تاکە کەسیی ئێزدییەکان لە شنگال و دەورووبەری دۆزراونەتەوە.