وەزیری کارەبا: لە دوو هەفتەی داهاتوودا کێشەی کارەبای یەکەکانی نیشتەجێبوون چارەسەر دەکرێت

K24 - هەولێر

وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە دوو هەفتەی داهاتوودا کێشەی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە هەولێر چارەسەر دەکرێت و، بۆ ئەم مەبەستە پێشنیازییەکانیان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە.

دوای وەرگرتنی گلەیی و گازندەی بەشێك لە هاووڵاتییان و کاسبکاران کە لە رێگەی کوردستان24ـەوە، بە لایەنی پەیوەندیدار گەیەندرا، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا بە داشکاندنی نرخی کارەبای نیشتمانی ناوچە پیشەسازییەکان و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 29-11-2023، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەنێوان وەزارەتی کارەبا، دەستەی وەبەرهێنان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەڕێوەچوو. دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە هەر یەکە لە وەزیری کارەبا و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بۆ پەیامنێری کوردستان24 دوان.

کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بڕیاری وەرگرتنی پارەی زیادە لە هاووڵاتییان، لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، بە رێککەوتنی نێوان خاوەنی ئەو پڕۆژانە بووە و ئێمە وەکو وەزارەت ئاگاداری نەبووین. دەمانزانی پارەکە لە خەڵک وەردەگیرێت، بەڵام ئێمە ئاگاداری وردەکارییەکەی نەبووین".

وەزیری کارەبا باسی لەوەش کرد، "لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان قسەمان کرد و بڕیار درا پێداچوونەوە بەو نرخە بکرێت. لە هەندێک پڕۆژەی نیشتەجێبوون، 120 دینار بەرامبەر هەر یەکەیەکی کارەبا لە هاووڵاتییان وەردەگیرا، پێشنیازمان کردووە ئەو نرخەیە بکرێتە 90 دینار. ئەوانەی 144 دیناریشن بکرێنە 100 دینار. پێشنیازەکانمان رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێن و بڕیاری پەسەندکرنی پێشنیازەکان لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیرانە".

بە گوتەی کەمال محەممەد ساڵح، "زیادکردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ کارەبای پریپەید، تەنها لە پارێزگای هەولێر کراوە و، لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان نەکراوە".  ئاماژەی بەوەش کرد، "پێشبینی دەکەم لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت".

لەلایەن خۆیەوە، د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی گوت، "بە دڵنیاییەوە ئەگەر ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیازەکانی وەزارەتی کارەبا پەسند بکات، پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون پێوەی پابەند دەبن. گومان لەوەدا نییە".

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆسەی کڕینی یەکەی کارەبا لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون "ببێتە ئۆنڵاین، ئەم کێشەیە چارەسەر دەبێت".

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە، 28-11-2023، بەرگەشت ئاکره‌یی گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، بڕیاری داشکاندنی نرخی کارەبای نیشتمانی بە رێژەی سەدا 12ـە دەبێت و ئەمەش دوای بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی کارەبای ناوچە پیشەسازیی و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دێت.

پێشتریش وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردبووه‌وه‌ تێیدا هاتبوو، وەزارەتی کارەبا لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی راوێژکاریی خۆیدا، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی لە یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2021 ماددە (4)ـی بڕگەی (4)ـی ئەنجوومەنی وەزارەت پێی دراوە، دەتوانێت بە رەچاوکردنی بارودۆخی هاووڵاتییان پێشنیاز لەسەر کەمکردنەوە یان زیادکردنی پاڵپشتیی حكومەت بۆ نرخی کارەبا بکات.

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، وەزارەتی کارەبا پێشنیاز بۆ ئەنجوومەنی وەزیران كردووه‌ نرخی کرێی کارەبای 24 کاتژمێری ستییەکان و کارگەکانی پیشەسازی هەموار بکرێتەوە و بارودۆخی گوزەرانی هاووڵاتیان و کارگەکانی پیشەسازی لەبەر چاو بگیرێت.