چالاکوانێکی بەناوبانگی فەڵەستینی لە لایەن ئیسرائیلەوە ئازادکرا

عەهد تەمیمی، چالاکوانی فەڵەستینی
عەهد تەمیمی، چالاکوانی فەڵەستینی

K24 - هەولێر

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئیسرائیل چالاکوانی بەناوبانگی فەڵەستینی بەناوی "عەهد تەمیمی" لە نێو 30 زیندانی دیکە لە چوارچێوەی ئاگربەستێکی کاتی لە کەرتی غەززە ئازاد کرد.

سەرەتای ئەم مانگە، هێزەکانی ئیسرائیل بە تۆمەتی هاندانی توندوتیژی، تەمیمییان دەستگیرکرد، کە لە تەمەنی گەنجێتییەوە بە پاڵەوانی کەرتی رۆژئاوا دادەنرێت، بەڵام دایکی تەمیمی ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و رایگەیاند، لەسەر بنەمای پۆستێکی ساختەی سۆشیال میدیا دەستگیرکراوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەزگای زیندانی ئیسرائیل لیستی ناوی فەڵەستینییە ئازادکراوەکانی لە ماڵپەڕی خۆیدا بڵاوکردەوە و لە نێویاندا عەهد تەمیمی بوو، هاوکات بەرپرسێکی فەڵەستینی رایگەیاند، پاش دەستگیرکردن و راگیرانی لە زیندانی دامون لە نزیک شاری حەیفا ئازاد کراوە.

عەهد تەمیمی تەمەن 22 ساڵ، لە ساڵی 2017ەوە ناوبانگی دەرکرد، کاتێک شەقێکی لە سەربازێکی ئیسرائیلی دا کە هەڵیکوتایە سەر گوندەکەی نەبی ساڵح لە کەناری رۆژئاوا، تەمیمی و خەڵکەکە ساڵانێکە ناڕەزایەتی دەردەبڕن بەرامبەر بە دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانیان لەلایەن ئیسرائیلەوە.

دوای ئەوەی تەمیمی شەقێکی لە سەربازەکە دا، دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و دواتر سزای هەشت مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.

لە چوارچێوەی ئاگربەستێکی کاتیدا کە بۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە درێژکرایەوە، ئیسرائیل ژمارەیەکی زۆر زیندانی فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئازاد کرد لە بەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکان کە لەلایەن حەماسەوە دەستگیرکراون.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ماجید محەمەد ئەنساری رایگەیاند، هەردوو لایەنی حەماس و ئیسرائیل گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی مرۆیی لەکەرتی غەززە بۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە. بە هەمان مەرجەکانی پێشوو، کە راگرتنی شەڕ و رەوانەکردنی هاوکارییە مرۆییەکانە بۆ کەرتی غەززە.

لە 7ـی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، زیاتر لە هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژراون و زیاتر له‌ هه‌زاریشیان بریندارن، هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوون.

هەروەها بەهۆی هێرشە چڕەکانی ئیسرائیلیش بۆ سەر کەرتی غەززە 14 هەزار و 854 کەس کوژراون، کە لە نێو کوژراوەکاندا شەش هەزار و 150 منداڵ و چوار هەزاریش ئافرەتن.