سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەشداری لە کۆنفرانسی COP28 دەکات

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ کۆنفرانسی COP28 لە دوبەی، سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بەسەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی بەکارەکانی کرد، سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا دەکەن.

عەمار نەجمەدین، نێردراوی کوردستان24 لە دوبەی رایگەیاند: "نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبانگهێشتی فەرمی ئەمڕۆ بەشداری لەم کۆنفرانسە دەکەن".

راشیگەیاند: "جگە لەو کۆنفرانسە لە دوبەی یادی 52 ساڵەی بە دەوڵەتبوونی ئیمارات دەکرێتەوە، واتە رۆژی نیشتیمانی ئیمارات کە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی ئەم کۆنفرانسە، سبەی لە پێشوازی لە سەرۆک و ەسەرکردەی وڵاتان دەکرێت، سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا دەکەن.

گوتیشی: دەستەی ژینگە و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستانیش بەشداری لە کۆنفڕانسەکە دەکەن، ئاماژەی بەوەشکرد، شاندی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک دیدار و چاوپێکەوتنی گرنگیان ئەبێت، چونکە زۆرێک لە سەرکردە و بەرپرسانی وڵاتان لێر ئامادە دەبن.

دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا قەیرانێکی جیهانییە کە سنوورە نیشتمانییەکان تێدەپەڕێنێت، پێویستی بە هاوکاری نێودەوڵەتی و هەوڵی یەکگرتووی هەمووان هەیە، بە هەموو تاکەکانی هەموو تەمەن و پسپۆڕییەکان و وڵاتانەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 30-11-2023 کۆنفرانسی COP28، لە ئیمارات دەستپێدەکات، لەم راپۆرتەدا وەڵامی هەموو پرسیارەکان سەبارەت بە کۆنفرانسەکەی گۆڕانی کەشوهەوا دەخرێتە روو.

یەکەم دانیشتنی کۆنفرانسی COP لە مانگی ئاداری ساڵی 1995 لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، کە بارەگای سەرەکی سکرتاریەتەکە لەشاری "بۆن"ـی ئەڵمانیایە.

ئەو کۆنفرانسە کە ساڵانە لە ژێر چاودێری سکرتاریەتی گشتی پەیماننامەکەدا بەڕێوەدەچێت، دانوستان و رێککەوتن لەسەر چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی و سنووردارکردنی گەرمبوونی جیهان دەکرێت .

ئەرکی سەرەکی کۆنفرانسەکە بریتییە لە پشکنینی راپۆرتە نیشتمانییەکان و داتاکانی دەردانی گازی ژەهراوی کە لەلایەن وڵاتانی بەشداربووەوە پێشکەش دەکرێن، کە زانیاری سەرەتایی لەسەر کارەکانی هەر وڵاتێک و ئەو پێشکەوتنانەی کە بەدەستی هێناوە بەرەو گەیشتن بە ئامانجە گشتییەکانی رێککەوتننامەکە دەدەن.