کۆنفرانسی زانستی نەشتەرگەری لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ی تشرینی دووەمی 2023، بە بەشداری زیاتر لە 150 پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و بیانی، کۆنفرانسی زانستی نەشتەرگەری لە شاری هەولێر دەستیپێکرد.

عیزەت عەزیز خۆشناو، سەرۆکی بۆردی پزیشکانی نەشتەرگەری و رێکخەری کۆنفرانسی زانستی نەشتەرگەری لە هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەو کۆنفراسە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق کۆنفراسی هاوشێوەی کۆنفراسە زانستییەکانی وڵاتانی جیهانە و یەکەمجارە لە هەرێمی کوردستان کۆنفرانسی لەو شێوە بکرێت".

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەم کۆنفرانسە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت، زیاتر لە 150 پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری لەسەر ئاستی کوردستان عێراق وڵاتانی عەرەبی و هەرێمی، هەروەها ئەوروپا و ئەمەریکا بەشدارن و لە ماوەی ئەم دوو رۆژەدا 35 بابەتی نوێی زانستی لەبارەی چۆنیەتی نەشتەرگەرییە گشتییەکان لە نێویشیاندا نەشتەرگەرییەکانی دڵ، دەمارەکان، مێشک و خوێنبەرەکان پێشکەش دەکرێت،  دواتر هەمووی بە سەر یەکەوە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی زانستی دەخرێتە نێو بەرنامەی لە هەرێمی کوردستان بە مەبەستی خزمەتکردنی زیاتری کەرتی تەندروستی".

ئەو کۆنفرانسە کە لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت، لەلایەن کۆمەڵەی پزیشکانی نەشتەرگەر لە هەرێمی کوردستان رێکخراوە، بەپێی وتەی سەرپەرشتیاری کۆنفرانسەکە لقی هەرێمی کوردستانی پزیشکانی نەشتەرگەر لقی ژمارە 53 تەواوی پزیشکانی نەشتەرگەرە لەسەر ئاستی جیهان و یەکێکە لە چالاکترین ئەو لقانەی کە ساڵانە زۆرترین ژمارەی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەکاندا ئەنجام دەدەن، هەروەها زۆرترین توێژینەوە پێشکەش بە کۆمەڵێک پزیشکانی نەشتەرگەری گشتی دەکات لە سەر ئاستی جیهان.

ئا: لاڤین عومەر