ئەنتۆنیۆ گوتێرێز: دەبێت لە کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا رێکاری پێویست بگرینەبەر

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت، بۆ رێگریکردن لە گەرمبوونی گۆی زەوی، دەبێت لە کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا رێکاری پێویست بگیرێتەبەر.

ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "جیاوازی هەیە لە نێوان کەمکردنەوەی ئاستی بەکارهێنانی سووتەمەنی بە بەردبوو لەگەڵ راگرتنی بەکارهێنان، هەروەها دەبێت پێکەوە کاربکەین و کاتێک دیاریبکەین تاوەکو دڵنیایی ئەوە بدەین دەتوانین لەو کاتە دیاریکراوەدا، رێگری بکەین لە گەرمبوونی گۆی زەی بە رێژەی 1 پۆینت 5 پلەی سیلیزی. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت تاوەکو 2030 بتوانین رێژەی وزەی نوێوەبوو بۆ سێ هێندە زیاد بکەین، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت لە کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا رێکاری پێویست بگرینەبەر".

گوتیشی: "تاکە شت ئێستا بوونی نییە، ویستی سیاسیە، گرنگی ئەم کۆنفرانسەش لەوەدایە، تاوەکو خەڵکی تێبگات لەوەی ئێمە بە ئاڕاستەیەکی هەڵە دەڕۆین، دەبێت پێکەوە کاربکەین بۆ ئەوەی ئاڕاستەکەمان راست بکەینەوە".

ئەمڕۆ 30/11/2023، 28مین کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوبەی بە بەشداری زیاتر لە 70 هەزار سەرۆک و نوێنەر و کەسایەتی جیهان دەستیپێکرد و 13 رۆژ بەردەوام دەبێت.

ئەجێندای کۆنفرانسەکەش بریتییە لە، رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، کاری پێکەوەیی بۆ سنووردارکردن گەرمبوونی گۆی زەوی بە رێژەی 1 پۆینت 5 پلەی سیلیزی، هاوکاریکردنی ئەو وڵاتانەی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە کاریگەربوون و کەمکردنەوەی دەردانی گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن بۆ سفر لەسەد تاوەکو ساڵی 2050.