شاخەوان عەبدوڵڵا: پارێزگارێکی بوێر و نیشتمانپەروەر لە کەرکووك دەتوانێت زۆر شت بگۆڕێت

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: سەرۆک بارزانی داوای لێکردووین خزمەتی شاری کەرکووک و خەڵکەکەی بکەین. هاوکات ئاماژەی بەوەدا، سیاسەتی پارتی فەرزکردنی کوردایەتییە بەسەر حزبایەتی. گوتیشی: تا ئێستا لە کەرکووك سیاسەتی تەعریبکردن بەردەوامە.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی ئێکسی کوردستان24 کە کۆڤان عیزەت پێشکەشی دەکات لەبارەی دۆخی کەرکووك رایگەیاند، هەر هاووڵاتییەکی کورد لەو ناوچەیەدا لە هەر حزب و پلە و پۆستێکدا بێت، دەبێت کوردایەتی فەرز بکات بەسەر حزبەیاتی، زۆر گرنگە لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکی دەرەوەی سنووری ئیدارەی هەرێم کورد یەک دەنگ و یەکگرتووە بێت بەهۆی ئەوەی لەو ناوچانە تا ئێستا سیاسەتی تەعریبکردن بەردەوامە.

ناوبرا راشیگەیاند، ئێمە نوێنەری خەڵکی خۆمانین و نابێت بهێڵێن کورد لەو ناچانە هەڕەشەی لێبکرێت و ژیانی لە مەترسیدابێت، ئێمە دەبێت هەمیشە پارێزەری مافەکانیان بین و نابێت بهێڵین مافە دەستوورییەکانیان پێشێل بکرێت، هەروەها ناهێڵین مافی سەرجەم نەتەوەکان لەو ناوچانە پێشێل بکرێت، هەر ئەمەش خۆی لە خۆیدا بەرنامەی پارتی دیموکراتی کوردستانە لەم ناوچانە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: دەبێت هەموو هێزی خۆمان لە کەرکووك بخەینەگەڕ بۆ ئەوەی زۆرترین کورد بتوانێت بەشداریبکات لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك، چونکە ئەوان دەتوانن هاوکێشەی سیاسی لە کەرکووك بگۆڕن، تەنانەت یەک کورسی ئەنجوومەنی پارێزگا دەتوانێت هاوکێشەکە بگۆڕێت، پێویستە هەموو کوردێک بەشداری لەم هەڵبژاردنە بکات بۆ ئەوەی بتوانرێت لە رێگەی زۆرینەی ئەنجوومەنی پارێزگا، پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک بگۆڕدرێت.

شاخەوان عەبدوڵڵا، گوتیشی: دەبێت کەسێکی کوردی نیشتمانپەروەر ببێتە پارێزگای کەرکووک، کەسێک بێت چاوی لەوە نەبێت زەویوزاری هاووڵاتییان داگیربکات و بتوانێت ئەم دۆخە ناسەقامگیرەی لە کەرکووك دروستبووە چاکی بکاتەوە، هەروەها چەندی کورد زیاتر لەو هەڵبژاردنە دەنگ بدات دەتوانین زامنی لادانی ئەم پارێزگارە سەپێندراوە بکەین، ئێمە نامانەوێت لەو ناوچەیە فەرزی لایەنێک بەسەر لاینێکی دیکەدا بکەین، گرنگ ئەوەیە پارێزگارەکە بگۆڕدرێت بۆ کوردێکی دڵسۆز.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، لە ئێستدا خەڵکی کەرکووك باجی کوردبوون دەدەن، هەروەها لە رووی داگیرکردنی زەوییەکانی کورد و تورکمانەکان لە کەرکووک ئەمڕۆشی لەگەڵ بێت زۆر هەوڵمانداوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین، بەڵام ئەوانەی هۆکاری دروستبوونی کێشەکەن تا ئێستا دەیانەوێت کێشەکە بەو شێوەیە بمێنێتەوە و چارەسەر نەکرێت تا ئەو کاتەی کە عەرەب بتوانێت لەو ناوچانە دەسەڵات بگرێتە دەست .

لەبارەی ماددەی 140 ناوبراو گوتی: کە هاتینە پەرلەمان لیژنەی ماددەی 140ـمان کارا کردەوە و کۆمەڵێک بابەتمان خستە بەرنامەی کاری لیژنەکە، بە ئامانجی ئەوەی بتوانین رێگربین لە بەردەم ئەو هەموو زوڵمەی کە لە کەرکووک روودەدات، هەروەها لە هەموو کۆبوونەکانمان لە بەغدا باسی کەرکووکمان کردووە و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانمان داوە، تەنانەت جارێک لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق دەمەقاڵیم کردووە، گوتومە بۆ لە سەرگەڕان و ئەو ناوچانە سوپای عێراق رێگری لە جووتیاران دەکات، ئەم شەڕانەی ئێمە وایکردووە هەرکاتێک کە سوپا دەچێتە سەر زەوی جووتیاران دووریان بخەینەوە و بڕیارەکانیانمان راگرتووە لە ئێستادا.

گوتیشی: رۆژ نییە ئێمە لەسەر پرسی کەرکووك شەڕ نەکەین لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق، پێش هەڵبژاردن پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021 گەڕەکە کوردییەکان خزمەتگوزاری بۆ نەدەچوو و دەیانگوت تەجاوزن، بەڵام بە فشارەکانی ئێمە ئێستا شەقامەکانی ئەم گەڕەکانە قیرتاو دەکرێن و خزمەتگوزارییان بۆ دەچێت.

شاخەوان عەبدوڵڵا، لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد، لە هەموو کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ سەرۆک بارزانی لەسەر خەڵکی شاری کەرکووک جەنبایان جەختی لەسەر چەن شتێک کردووەتەوە، کە یەکەمیان؛ پاراستنی ئەم شارە و چونکە ئەم شارە پێویستی بە خزمەت هەیە، دووەمیان؛ بڕواتان بە پێکەوەژیان بێت. دەشڵێت: دەبێت لەو شارە داواکاری خەڵک جێبەجێ بکەین و ئەو کەسانەی کە کورد بوونە و لەو شارە دەسەڵاتییان هەبووە و خزمەتی خەڵکیان نەکردووە و خەڵک لێیان ناڕاین، نابێت جارێکی دیکە بهێڵێن ئەو کەسانە بێنەوە سەر دەسەڵات.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بە سەربازگەکردنی پارێزگاکانی عێراق، دەڵێت: بڕیاری کۆتاییهاتن بە حاڵەتی سەربازگەکردنی پارێزگاکان یەکێکە لە بڕیارەکانی وەرەقەی رێککەوتنی سیاسی کە ئەم حکومەتەی لەسەر بنیاتنراوە، ئەم بڕیارە لە یەک دوو پارێزگا جێبەجێکراوە، بەڵام ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە لەو پارێزگایانەی کە بەرکەوتەی پێکهاتەیی هەیە و کێشەی هەیە پێویستە لەو ناوچانە ئەم بڕیارە جێبەجێ بکرێت و سووپا بکشێتەوە، بۆ نموونە مووسڵ رۆژانە گرفتیان هەیە بەدەست هەندێک لە میلیشیاکان کە دێن سەرانە لە خەڵک وەردەگرن، ئەگەر ئێمە لە کەرکووک رۆژانە لەسەر هێل نەبین سوپا و هەمەر دەچنە سەر زەویوزاری جووتیاران، بۆیە زۆر گرنگە لە کەرکووک ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت و کۆتایی بە سەربازگەکردن بێت.

سەبارەت بەوەی ئەگەر کورد لە کەرکووک دەسەڵات وەربگرێتەوە هاوشێوەی پێش 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، شاخەوان عەبدوڵڵا، ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر دەسەڵاتمان وەرگرتەوە لەو ناوچەیە پارێزگار دەتوانێت دەسەڵاتە ئیدارییەکانی خۆی بەپێی یاسا پەیڕەو بکات و ئەو دەبێتە بەرپرسی یەکەمی ئەمنی لەو شارە.