بیلال وەهاب: ئەمریکا لە عێراق شەڕی ناوێت

بیلال وەهاب
بیلال وەهاب

K24-هەولێر:

توێژەرێکی سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک پێی وایە، ئەمریکا نایەوێت لە عێراق بەرەیەکی شەڕ دروستبکات و شەڕیش فراوانتر بێت.

ئەمڕۆ پێنچشەممە(30-ی تشرینی دووەمی 2023)،دکتۆر بیلال وەهاب توێژەر لە پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک بۆ ژووری هەواڵی کوردستان 24 ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا نایەوێت بەرەیەکی دیکەی شەڕ لە عێراق ببێتەوە و گوتی: لەرووی ستراتیژیەوە نە ئێران و نە ئەمریکا نە عێراق بە میلیشیاکانەوە شەڕێکی گەورەیان لە عێراق ناوێت، هۆکارەکانیش دیارن لەوەی  ئێران پێی وایە لە رێگەی حەماسەوە گورزی خۆی وەشاندووە و لاوازی ئیسرائیلی نیشانداوە، ئەمریکاش نایەوێت ئەو شەڕە گەورەتر بێت و بگاتە عێراق و سوریا و لوبنان، لایەنە عێراقیەکانیش لەژێر ناوی موقاوەمەی ئیسلامی دەیانەوێت شەڕ لەگەڵ ئەمریکا بکەن، بەڵام دوورکەتنەوەیان لە باڵیۆزخانە و لێدانیان لە هەریر و بنکەی عەین ئەسەد، مانای ئەوەیە شەڕێکی بەرفراوانیان ناوێت.

ئەو توێژەرە پێی وایە، ئێران دەیەوێت کەمێک فشار لەسەر ئەمریکا دروستبکات ، بۆیە ئەو لایەنانە بەکار دێنێت، هۆکاری دووەمیش ئەوەیە ئیشی میلیشیاکانە ئەو کردەوانە ئەنجام بدەن، لەگەڵ ئەوەی گرووپەکان دەیانەوێت فشار لەسەر حکومەتی سوودانی دروستبکەن بۆ پۆست و پارە.

لەلایەکی دیکەوە، دکتۆر بیلال وەهاب ئاماژەی بە هەوڵەکانی ئەمریکا کرد بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنی شەڕ و گوتی:  ئەمریکا هەوڵیدا بەچەند قۆناغێک رێگە لە تەشەنکردنی شەڕەکە بگرێت، هەر لە رێگەی دیبلۆماسی بە تەلەفونی نێوان بایدن و سودانی و هاتنی بلینکن بۆ بەغدا کە پەیامی ئەمریکای گەیاند لەوەی ئەمریکا شەڕی ناوێ، هاوکات هەوڵی ئەوەشیدا فشار لەسەر گروپەکان دروست بکات بەوەی ژمارەیەکیان خرانە لیستی وەزارەتی دارایی ئەمریکا.

بۆ رۆژێکی دیکە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس درێژکرایەوە و چاودێران پێان وایە فشارەکان لەسەر ئیسرائیل و حەماسیش هەیە بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست.

بەپێی قسەی بیلال وەهاب، نەتەنیاهو لەرووی سیاسییەوە دۆخی باش نیە، 76٪  ی دانیشتوانی ئیسرائیل پێیان وایە دەبێت نەتەنیاهو دوای تەواو بوونی ئەو شەڕە حکومەت بەجێبهێڵێت، بۆیە وەکو کەسێکی لێهاتووە سواری شێرێک بووبێت، هەر دابەزێت شیرەکە دیخوات، بۆیە تا شەڕەکە درێژ بێت بۆ نەتەنیاهو باشترە و لە قازانجیەتی باسی شەڕ بکات، بۆیە ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش فشار دروست دەکەن ئاگربەستەکە درێژ بکاتەوە یاخود ببێتە کۆتایی شەڕ.

حەماس و ئیسرائیل بۆ رۆژێکی دیکە ئاگربەستیان درێژکردەوە.

سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردەوە لە کاتێکدا هەوڵەکان بۆ درێژکردنەوە ئاگر بەست بەردەوامە، بۆ رۆژێکی دیکە کار لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەست لە کەرتی غەززە دەکەن، هاوکات حەماس درێژکردنەوەی ئاگر بەستەکەی لەگەڵ ئیسرائیل بۆ ماوەی یەک رۆژی دیکە درێژ کردەوە.

لە بەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی قەتەر  درێژکردنەوەی ئاگربەستەکەی پشتڕاستکردەوە و جەختی کردەوە هەوڵەکانیان بۆ ئاشتیەکی درێژخایەن بەردەوام دەبێت، ئەوە لە کاتێکدا لە ماوەی شەش رۆژی رابردوودا حەماس 70  بارمتەی ئیسرائیلی و ئیسرائیلیش نزیکەی 170  فەڵەستینیان لە زیندانەکان ئازاد کرد.

کارزان حەیدەر