ماکرۆن بۆ تاوتوێکردنی پرسی گۆڕانی کەشوهەوا و دۆخی غەززە سەردانی ئیمارات و قەتەر دەکات

یمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا
یمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا

K24 – هەولێر:

سەرۆکی فەرەنسا بۆ تاوتوێکردنی پرسی گۆڕانی کەشوهەوا بەرەوە ئیمارات بەڕێکەوت، هەروەها بڕیارە رۆژی شەممە بچێتە قەتەر بۆ تاوتوێکردنی دۆخی غەززە کە رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (30ـی تشرینی دووەمی 2023) کۆشکی ئەلێزێ رایگەیاند، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بەڕێکەوت بەرەو ئیمارات، بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانی کەشوهەوا (COP28)، هەروەها رۆژی شەممە سەردانی قەتەر دەکات لەگەڵ تەمیم بن حەمەد، میری قەتەر کۆدەبێتەوە.

لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی کەشوهەوا، چاوەڕوان دەکرێت ماکرۆن چاوی بە ژمارەیەک سەرکردەی وڵاتانی ناوچەکە بکەوێت، وەک محەمەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە جگە لە ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆککۆماری ئیسرائیل.

سەرۆکی فەرەنسا کار بۆ ئازادکردنی سەرجەم هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات کە لە کاتی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەر بە بارمتە گیرابوون و گواسترانەتەوە بۆ کەرتی غەززە، لەکتێکدا پێنج هاووڵاتی فەرەنسی تا ئێستاش بە بارمتە یان بێسەروشوێن دادەنرێن.

هاوکات ماکرۆن کار بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست دەکات، ئەو ئاگربەستەی کە ئیسرائیل و حەماس لە 24ـی ئەم مانگەوە دەستیپێکردەوە.

بەنێوەندگیری قەتەر و میسر و ئەمەریکا، رۆژی هەینی رابردوو رێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ ماوەی چوار رۆژ چووە بواری جێبرجێکردنەوە، کە مەرجەکان ئازادکردنی بارمتە و دیلەکانی نێوان هەردوولابوو لەگەڵ رەوانەکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە، هەروەها بۆ دوو جاری دیکەش ئاگربەست درێژکرایەوە یەکیان بۆ ماوەی دوو رۆژ بوو، ئەویدی بۆ ماوەی رۆژێک بوو.

ئاگربەستەکە رێگەی بە ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە دا، لە بەرامبەر ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان لە زیندانەکانی ئیسرائیل، هەروەها رێگەی بە رەوانەکردنی  یارمەتی مرۆیی زیاتر دا بۆناو کەرتی غەززە.

لە لوتکەی جیهانی کەشوهەوا (COP28)، ماکرۆن باس لە دەستپێشخەرییەک دەکات بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو بۆ ئەوەی بە خێرایی واز لە بەکارهێنانی خەڵوز بهێنن، کە پاریس خەڵوز بە یەکەم دوژمنی دەزانێت لە بەرامبەر دەردانی گازی گەرمخانەیی کە بەرپرسیارە لە گەرمبوونی جیهان.

ئەوانەی نزیک لە ماکرۆنن پێشتر پشتڕاستیان کردبووەوە کە فەرەنسا چاوەڕوانی "دانوستانی سەخت" لە کۆنفرانسی لایەنەکان و تەحەدای "زاڵبوون بەسەر دابەشکارییە ئاساییەکاندا" دەکات.

سەرچاوەیەک لە کۆشکی ئەلیزێ هەفتەی رابردوو بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، چاوەڕوانی دانوستانێکی سەخت دەکەین، چونکە ئەو پرسە بۆ خۆی قورسە و ئەمڕۆ لێکەوتەی بەرجەستە بۆ زۆرێک لە وڵاتان لەخۆدەگرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو سەختییەی رووبەڕوومان دەبێتەوە، نیشاندانی پابەندبوونی بەکۆمەڵ و توانای تێپەڕاندنی دابەشکارییە ئاساییەکانی نێوان باکوور و باشوورن.

فەرەنسا چەند ئامانجێکی بۆ لوتکەی جیهانی COP28 داناوە، کە خۆی دەبینێتەوە؛ لە سێ هێندەکردنی توانای نوێبوونەوەی جیهان تا ساڵی 2030، سێ هێندەکردنی توانای ئەتۆمی لە نێوان ئێستا و 2050، خێراکردنی کۆتایی هاتنی پارەدارکردنی تایبەت بۆ وێستگەکانی خەڵوز، پاراستنی بیرە کاربۆنییەکان و نیشاندانی پەیوەندی نێوان بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و پابەندبوون بە کەشوهەوا یان جۆراوجۆری زیندوو.